مۆم
لە کتێبی:
ئاوات و ڕەنج
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
1 خولەک
1040 بینین
خۆزگە ئەمتوانی شیعری وام
ئەوت پڕی بوایە لە تام
شیعرێ بێ لە عەزرەتا خۆم
بتوێمەوە هەر وەکوو مۆم
خۆزگە یەک هۆنراوەم ئەوت
وەکوو خۆم بوایە کتومت
وەک دڵی خۆم وەک دەروونم
وەکوو هەستی پاک و ڕوونم
یان خۆزگە نەمئەزانی من
یەک تۆسقاڵ شیعر ڕێکخستن
تا بمچەشتایە تامی خۆش
لە هۆنراوەی گەرم و بەجۆش
ئاخ چەند لە دەمارم ئەخۆم
هۆنراوەی من سووتاوی تۆم
ناتوانم دەست هەڵگرم لێت
ناشتوانم بڕۆم پێ بە پێت