کوشتنی عەبە

لە کتێبی:
ئاوات و ڕەنج
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 1 خولەک  1102 بینین
سام دوا تەزووی ڕشتە هەناو
دڵی هەموو دایکێ لەرزی
لەگەڵ دەرکەوتنی هەتاو
وشەی لە دەما تەزی
***
زەردەخەنە لە ئەسرینا
وەک گۆیەکی زێڕ توایەوە
خەندە لە قوڵپی گرینا
خنکا و یەکسەر بڕایەوە
***
کۆڵانەکان کش و بێدەنگ
تەنیا هەر شریخەی شەستیر
لێی ئەدا نەغمەی سووری جەنگ
خوێنی تێکەڵ ئەکرد بە شیر
***
ئەو کەسەی دەرچوایە لە ماڵ
کۆڵانی بۆ ئەبوو بە گۆڕ
گەنج بوایە یا پیر یا مناڵ
سنگی ئەیڕشت خوێن چۆڕە چۆڕ
***
لەناکاو تیری زریکە
دڵی هەموومانی سمی
دوژمن بانگی کرد بیپێکە
دەنگێ وتی: «ئاخ کوشتمی»
***
دوو سێ کارژۆلەی بەسزمان
لەگەڵ مناڵێکی شوانا
لەناو گۆمی خوێنا گەوزان
لە پێچی تەنگی کۆڵانا
***
مناڵێ هاواری ئەکرد
وەرنەدەرێ عەبەیان کوشت
توخوا فریا کەون وا مرد
خوێناوی سنگی هەموو ڕشت
***
گوڵاڵەی دەروونم وەران
دڕکی تۆڵەم نایە شوێنی
بەڵێن بێ ئەی زەبری ژیان
هەرگیز من ون نەکەم خوێنی
***
لێرە مناڵی کوردستان
بەم شێوەیە لە ناو ئەبەن
ئەی دایکانی هەموو جیهان
گوێ بگرن، هاوارێ بکەن