ژیلەمۆ
لە کتێبی:
ئاوات و ڕەنج
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
1 خولەک
1034 بینین
کام ئاواز خۆشە یا کام گۆرانی
بە هەر جۆرێک بێ پاراوی خەمە
کام بەستە جوانە بۆ کامەرانی
هێشتا شێوەکەی هەر هی ماتەمە
***
سروودەکانم پڕن لە سۆزی
گریان و ناڵە و ئازار چەشتنێ
شیعرەکانیشم هەر بە ئاڵۆزی
تەنیا ڕیز ئەبەن بۆ خەم ڕشتنێ
***
زڕەی کۆت لەناو دەروون و گیانا
زۆر جار مەچەکی ئارام ئەبەستێ
هۆنراوەی جوانم لە پێدانانا
لەتاو خەم جار جار لەپڕ ئەوەستێ
***
زۆر وشەی جوان و گەشی وەک ئاگر
لە دڵی منا بوون بە ژیلەمۆ
زۆر شیعری گەرم و شیرین و نەمر
بە دیل گیراون وەکوو من و تۆ