پشکۆی هۆنراوە
لە کتێبی:
ئاوات و ڕەنج
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
2 خولەک
1110 بینین
بۆ هۆنراوەی جوان و ڕازاوە و بەتام
چیای سەخت و پێدەشت و گوڵزار گەڕام
لە گزنگ و زەردەپەڕ و هاژەی چەم
لە نیگای گەش، زەردەخەنە و بزەی دەم
لە ئەستێرەی پێروزەیی و لە ورشەی
لە گوڵاڵەی ئاورنگ چێژ و لە پرشەی
زۆر هۆنراوەم چنی نازدار و ناسک
بۆ دڵخوازی شیرینم کرد بە دەسک
بەڵام دەنگی کڕوزانەوەی کۆرپە
کاتێ ڕشتی لە دڵما ژیلەی خورپە
سۆزی گریەی ئەو دایکەی لە ئاگرا
جەرگی وەکوو چراوگێ هەڵکرا
لە هێزی خست دەست و پەنجەی هۆنراوەم
کەوتە ناو گڕ چەپکە شیعری ڕازاوەم
ئێستەش هەرچی پێی بڵێن شیعری تازە
جوان و پاراو تیای بێ ورشە و ئاوازە
هۆنراوەیەک پێی بڵێن بێهاوتایە
لە دڵی من هەڵناقوڵێ و دەر نایە
باخی شیعرم شپرزەی خوێن و ئەشکە
کانیی بەهرەم وەکوو گەرووی خۆم وشکە
لایلایەکەی خەوی خۆش بە کۆرپە بین
نەغمەی خۆش و دڵ بزوێنی بوو بە شین
بەستەی خۆش و تەڕ و بڕی دڵخوازی
بۆ بووکی گڕ ژیان کردی بە جیازی
هۆنراوەی ورد کامی خۆش و بەتامە
کە دڵ بە سۆز نایە سەر نووکی خامە
دێڕ دێڕ سزا قەترەی خەمی پیا تکان
بەسەر دڵی پەروەردەی خەمما لکان
تۆش داوات کرد شیعرێ بڵێم ڕەنگاوڕەنگ
وەکوو بەژنی کچێکی جوان، شۆخ و شەنگ
باسی چاو بێ هی دەمی ئاڵ و گەردن
قژی زەرد و کوڵمی ناسک و خرپن
بەڵام ئەبێ لەمەودوا وەک ئەم ژینە
کە هەمووی خوێن کڵپە و گڕی بەتینە
شیعری منیش بەتەنیا ڕەنگی سوور بێ
لە دڵداری و بەستەی ناسک بە دوور بێ
تازە ڕابوورد ئەو سەردەمەی هۆنراوەم
باسی جوانیی باڵا بوو، کوڵم و پەرچەم
هەرچیم هەیە لە ئۆقرەی دڵ لە تاسە
هەمووم بەخشی بەو مناڵە کەساسە
ئەبێ شیعرم لە گڕا پەروەردە بێ
باسی ژینی سامناکی ئەم کوردە بێ
ئەی فریشتەی هۆنراوەی ئاگرینم
ئەی بەخشندەی وشەی بەسۆز و تینم
ملم لارت ئەپاڕێمەوە لە تۆ
پێم ببەخشی هۆنراوەیەکی پشکۆ
هەر ئەمجارە و ئیتر داوام کۆتایە
هەرچەند ئەکەم شیعری سوورم بۆ نایە