دڵی گەشاوە

لە کتێبی:
گوڵ ئەستێرە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 1 خولەک  830 بینین
خونچەی دڵداریم گیانە ژاکابوو
تاکوو هەناسەی تۆ گەشانیەوە
زۆر چقڵ هەر وا دڵمی پێکابوو
تا دڵنەرمییکەی تۆ بووژانیەوە
***
بە پەنجەکانت زامی پڕ لە سوێم
ساڕێژ بوو دڵم کەوتە شنەشن
بۆیە پەپوولەی هەستی ژینی نوێم
بیری چۆتەوە سزا و خەم چەشتن
***
لە ئاسمانێکا ڕەنگ پیرۆزەیی
گیانی دڵداری من لە گەشتایە
لە خۆشی گۆنای گەشی پەمەیی
هەمیشە ئەڵێی لە بەهەشتایە