پەنجەی تەزیو

لە کتێبی:
دیاری
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 2 خولەک  798 بینین
زەردەپەڕی، کاڵی زێڕین
ئەتوێتەوە.. دەشتی بەفرین
تۆپەڵی بەفر، لەسەر چڵ
لەپڕ ئەڕژێتەوە جەرگی گڵ
مەلی دەنگ خۆش، وردیلانە
ئەگرێتەوە... هێلانە
درەختی پیر، ئەڵێ من چیم!!
بە سەرمای تیژ ئەڵێ «تەسلیم!!»
شاخ و ڕووبار و... دارستان
ئەترسن، لە بەفر و باران
تاوێک ڕەهێڵەیە بەتین
دەمێک بەگوڕ بەفربارین
مناڵێکی شەش حەوت ساڵان
ئەگەڕێ، ئەگری، لە کۆڵان
با... لەناو، بەفرا ئەتەزێ
چرۆی درەختی تەڕ ئەمرێ
«هیوا»، ئەنواڕێتە ناو ژوور
تەلاری بەردی زەرد و سوور
لەپێش بوونیا بوو.. باوکی مرد
لەگەڵ دایکی.. سواڵی ئەکرد.
دایکیشی سکی پڕ لە ژان
ڕایکێشایە ناو گۆڕستان!
شەوە... ئاوازە ڕەنگاوڕەنگ
لەو ماڵە، بەستەیە، ئاهەنگ
لەپاڵ دیوارێکدا، غەمگین
دائەنیشێ «هیوا»ی شیرین
ئەندامی ورد، لەشی، گەردن
هەموو لەگەڵ یەک ئەلەرزن
دوای هەناسەیەک دەسگێڕان
لە کون و قوژبنی گیرفان
نەختێ شقارتە دەردێنێ
یەک یەک دایان ئەگیرسێنێ
لەبەر تیشکی گڕی پچووک
مناڵی برسیی ئێسک سووک
دائەنیشێ تا دوا دەنک
ئەگڕێ، بۆ پەنجەی ناسک
سەر ئەنێتە سەر لەپی دەس
ئەنوێ بەسەزمانی بێکەس!!!
دوای هەناسەیەک ڕێبوارێ
تێئەپەڕێ و پیا ئەنواڕێ
هەڵی ئەگرێ و ئەڵێ «فەرموو!»
ئەمشەو، لای مامی خۆت بنوو
بەڵام ئاخ، پاش چی!! تازە مرد
«چاوەڕێی پرشنگی ئەکرد...»