بووکی لادێ
لە کتێبی:
دیاری
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
2 خولەک
1054 بینین
چاوی کاڵیان ئەڕشت بە کل
بۆیان پێچا سەرپێچی زل
ملوانکەی دەنک گەورەی زەرد
نیشتە سەر سنگێکی بێگەرد
کراسیان پۆشی، شین، تەنک
خەنە، نەخشی، پەنجەی ناسک
پانی بەرزەکەی ڕەنگاوڕەنگ
هەیاسە، بۆ کەمەری تەنگ
بووک، ڕازایەوە، ڕەنگ سەد جۆر
وەک باخی بەهاری بەر خۆر
کەوای سورمەی خواستەمەنی
پۆشی ئەندامی بەدەنی
دەسماڵی، پووڵەکەچن، ئاڵ
ئاڵا، لە درزی سینەی کاڵ
سوخمەی، گوروونی گوڵ ڕەش
سنگی کفی گرتە باوەش!
ڕەشبەڵەکیان ڕێکخست، گەرم
هەڵپەڕکێ چەپی بوو... نەرم
پەنجەی نەرم و شل و نازدار
ئاڵا لە دەست و پەنجەی یار
تک تک ئارەقی ڕووی وەک گوڵ
ئەیگرت بۆنی مێخەک، سمڵ
زاواش، کەڵەگەت، شۆخ و شەنگ
ناوشانی پان، سەرنجی مەنگ
سەریان قۆچکەتاش کرد... جوان جوان
دایدابۆوە، فەقیانەی پان
سمێڵی قیت... قەترانی ڕەش
ڕوومەتی پان و چاوی گەش
بووک خرایە ڕێ، بۆ جووتیار
لەم زنجەوە، بۆ ئەو دەوار
ئاغاش، بە فیز، دێت و دەچێ
ورد ورد نەرم هەنگاو ئەنێ
هەر وا دوای دوو سێ مانگی تر
بەربوو لە گیانی بەگ ئاگر
پیلان، تاڵ تاڵ چنییان بۆی
زۆر ڕێگە و شوێنی دانا خۆی
ناردی بە شوێن زاوای شەنگا
لە تاریکیی شەوەزەنگا
ناردی بۆ فرمانێک بێدەنگ
ناردیشیە سەر ڕێگای.. تفەنگ
لە نیوەشەودا، کوتوپڕ
دەستڕێژێکیان لێ کرد لەپڕ
کوشتیان... ئاغاش فرمێسکی ڕشت!!
بمزانیایە کێ بوو... ئەمکوشت!!
کێ بوو کوشتی جووتیاری من
وا دیارە وێڵە بۆ مردن!!
دوای فرمێسکی درۆ، ڕشتن
بەڵێنی «تاوانبار» کوشتن
ژنی جووتیاری مارە کرد
خونچەی «تازە پشکوتوی» برد!