پەشیمانی

لە کتێبی:
دیاری
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 2 خولەک  1366 بینین
وتم! بە گوڵی پاییزی وەریو
بە خونچەی وردی ناو شەپۆلی شیو
بەو مەلە جوانەی تا مەلابانگدان
بۆ عەتری ڕووی گوڵ ئەیکا بە گریان
دەمەو بەیانی خەو بە بێدەنگی
ئەڕژێتە چاوی، ناو دڵی تەنگی
کە دێتە ناو چەم، تیشکی خۆرەتاو
ئەوسا، هەڵئەسێ دەمەو چێشتەنگاو
نە عەتری شەونم، نە پرشنگی گوڵ
لەسای تووتڕکا، ئەگری زۆر بەکوڵ
وتم...! بەو تیشکەی بەیانی زووزوو
هەڵدێ لە ئاسۆی ڕووناکی سوور بوو
لەپڕ هەورێکی بێبەزەییی تاڵ
ئەیپۆشێ تاڵیی تیشکی سووری کاڵ
وتم! بە شەوبۆ کە مات مات لە دۆڵ
نەگەشایەوە کەژ بوو بە سەهۆڵ
وتم: «پرشنگی نیگای گەرم و خۆش»
«بزەی دەمی تۆ گیانە فەرامۆش»
فەرامۆش یادی شیرینی جاران
ناوم سڕیوە، لای خوای دڵداران
کەچی لە چاوی کل نە دیوەوە
لە دڵی نەرمی هەڵفڕیوەوە
هەمیسان تاسە ڕژایە دەروون
دوو دڵۆپ ئەشکم وەک قەترەی ئاڵتوون
گەرم و ئاڵ لەسەر ڕووی من، قەتیس مان
بۆ هاتیتەوە ئەی کچۆڵەی جوان؟!
وەک دڵمت ڕەنجان، بۆ دیسان بزە
هەڵکا چراکەی، ئەم دڵە کزە؟
وتی: ئەی یاری نازداری گیانم
توو بی، ئەم دڵە و خورپە و گریانم
ببوورە سامان منی فریو دا
منی بە نەختێک ئاڵتوون و زیو دا!
دامی بە کۆشک و بە تەلاری خەم
ئاسمانی شادیی گرتم بە ماتەم
من پەشیمانم ببوورە ئەی یار
دڵم مەشکێنە تۆ دڵی دڵدار
«دیسان تەوژمی دڵداری بە جۆش»
«وەک کۆرپەی نازدار دڵمی گرتە کۆش».