ئەوا قابز لەسەر سەرمە خودا دامانی کێ بگرم
لاڵانەوە
لە کتێبی:
دیوانی ئەخۆل
بەرهەمی:
ئەخۆل (1911-1988)
1 خولەک
532 بینین
ئەوا قابیز لەسەر سەرمە خودا دامانی کێ بگرم؟
لەبۆ دەرمانی دەردی خۆم دەر و دامانی کێ بگرم
چ ڕاهێکە نەجاتم بێ لە دەس بەختم خوداوەندا
ئەوەندە من کە بەدبەختم قەباحەت خوانی کێ بگرم؟
سیاهی بەختی من وەڵڵا لە ئەرز و ئاسمان دیارە
لە کێ کەم ڕوو؟ بە کێ بڵێم زوو دەردی دوکانی کێ بگرم!؟
وەگەر من عەشقبازی کەم نەتیجەی نایەتە دەستم
وە یا تەرکی جیهانیش کەم لە دەست فنجانی کێ بگرم
ئەجەل: هاتن بە دەست تۆیە، لە دەس نایە بە عەقڵی کەس
کەسێ لەم شارە شک نابەم بڕۆم شارانی کێ بگرم!؟
لە بیابان و لە کۆهاندا وەکوو موجنوون و فەرهادە
نەتیجەی نایەتە ئاخر موتیع و فرمانی کێ بگرم!؟
لە دەشتی بێکەسیدا من سەرم سووڕ ماوە یاڕەبی
ڕووەو قاپیت لەسەر سنگم سەر و سامانی کێ بگرم!؟