وێڵ و سەرگەردانی دولبەر شێت و شەیدایی سەمەن

بۆ دوو گوڵ
لە کتێبی:
دیوانی ئەخۆل
بەرهەمی:
ئەخۆل (1911-1988)
 1 خولەک  553 بینین
وێڵ و سەرگەردانی دولبەر شێت و شەیدایی سەمەن
ماڵ و سەر قوربانی دولبەر گیان بە فیدایی سەمەن
گەر نەکەن باوەڕ بە دولبەر سوێند بەوی تریان ئەخۆم
سا بە حەقی ئایینەیی سەر کوڵم و گۆنایی سەمەن
ڕەش بووە جەرگم بە وێنەی خاڵەی دولبەر تەواو
پێچ ئەخۆم وەک حەڵقەیی کاکۆڵی تاتایی سەمەن
کوشتمی دولبەر بە داخ و بۆ ئەوەی بژیێمەوە
یەک نەزەر بەسمە لە لوتفی وەک مەسیحایی سەمەن
پەرچەمی دولبەر ڕەشە بۆیە جیهان نیوەی شەوە
ڕۆژە وەختێکیش کە دەرکەوت ڕوویی زیبایی سەمەن
با لە تاو دولبەر زەلیل بێ دیدەکەم هەڵ دێتەوە
گەر وەکوو تەرسا پەنا بەرمە کڵیسایی سەمەن
جەژنە وا دولبەر سبەینێ ئەمکەنە قوربانی تۆ
گەر خودا نەمخاتە بەر نووری تەجەللایی سەمەن
بولبولی دڵ چۆن تەوانای شیوەنی دوو گوڵ ئەکا
گاهـ گاهێ شینی دوڵبەر گاهـ وا وەیلایی سەمەن
وا بە سەوداوە ئەناڵم چەرخی گەردوون ڕەحمەتێ
یا ویسال و ماچی دولبەر یا شەکیبایی سەمەن