ڕەنج و گەنج

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  1021 بینین
یەکێ پیری جووتێر نەخۆش بوو دەمرد
کوڕ و کاڵی ئامۆژگاریی دەکرد
زەویوزاری خۆتان لەدەس خۆمەدەن
نەکەن من بمرم و بە پەندم نەکەن
لە باوکم شنەفتگمە لەم بارەدا
کە گەنجێ هەیە لەم زەویوزارەدا
بگەڕێن بە شوێنیا ئەدۆزرێتەوە
لە ڕووتان دەرووی شادی ئەکرێتەوە
***
لە پاش ئەو لە لای کوڕگەلی مەرد و ڕەند
بە ئاواتی گەنج ڕاوەشا پیل و زەند
بە بێڵ و بە گاسن، بە تەشوێ و بە پاچ
لە گش لایە دەبزووتەوە دەست و قاچ
زەویوزار گەلێ جار سەروژێر کرا
گڵی کێڵگە گشتی لە بێژنگ درا
کە پەیدا نەبوو کووپەڵەی زێڕ و زێو
وەکو پێشوو داچێندرا وەرد و شێو
وەها لێک درابوو زەوی گشت لە گشت
لە وەرزی ترا یەک بە سەد بوو بڕشت
کوڕان تێ گەیین کاکڵی پەندی پیر
لە ڕەنجی فرە گەنجی زۆر دێتە گیر