فیل لە تاریکی

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  562 بینین
شەو لە پشتیرێک فیل داکرابوو
تاریک و تنوک نە مۆم نە چرا بوو
چەند لاوێک بە دزی چوونە تەویلە
دابزانن داخۆ چۆنە ئەم فیلە
هەریەک لە لایەک بەدەس کوتانێ
لای وابوو زۆرباش لە فیل ئەزانێ
یەک دەستی کوتا لەسەر پشتی پان
ئەیوت: فیل خۆشە وەک تەختی ڕەوان
گوێ گرتوو ئەیگوت: بەس بنەڕێنە
من باشترم دیت فیل باوەشێنە
ئەوەی هەر دەستی لە لووتی داوە
وتی : فیل وەکو لوساوکی ئاوە
لاقگر ئەیقیژاند دەک مردووت مرێ
فیل کۆڵەکەیە و لووس و بێ گرێ
دەس لەکلکدەر کەوتبووە دواوە
وتی سوێند ئەخۆم پەتکە و پساوە
***
گاڵتەی پێ دەهات مامەی فیلەوان
ئەیوت مەچنە شەڕ بێ تیر و کەوان
بەخەیاڵ کەمتان لە زۆر زانیوە
شەڕ لەسەر فیلە و فیلتان نەدیوە
گەر چرا هەبا یان ڕۆژێکی ڕوون
لێتان ڕوون ئەبوو ڕێگە لێ ون بوون
کار تا نەیخەیتە بنج و بناوان
دەمی تێ وەردەی گوناهە و تاوان