گزی هێزە

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  558 بینین
شێر پشیلەی دی واقی وڕ مابوو
لە بیچم و تەرزا وەکوو خۆی وابوو
پرسی وەک منی بەڵام زۆر وردی
لێم ڕوونە زل بووی کێ وای لێ کردی؟
وتی: بنیادەم بە گزی و گەڕە
جانەوەرێکی دووپێی بەدفەڕە
وتەی زۆر خۆشی ختە و سندانە
بەشم ڕۆژ و شەو بە دار لێدانە
گوتی: مەترسە، بە گۆڕی بابم
تۆڵەت نەسێنم ئاسوودە نابم
کوانێ بنیادەم؟ شانم دە جارێ
کتک شێری برد بۆ لای جووتیارێ
شێر تێی ڕاخوڕی وەرە مەیدانم
شێرم گورپە نیم، دەردت ئەزانم
پێی وت چەکی تۆ چنگ و ددانە
چەکی بنیادەم شیر و قەڵغانە
جەنگی وا دوورە لە مەردایەتی
یەکێ بێ چەکە و یەکێ لایەتی
گوتی: چەک بێنە لێت ڕادەوەستم
وتی: دەترسم ڕاکەی لە دەستم
بێنە بتبەستم، شێر گوتی: خاسە
کەژو پێچی کرد، کێشای قەیاسە
جا وەرە بوکتە خوری شۆر بە دار
شێر بانگی ئەکرد بە زیڕە و هاوار:
پشی بڕوانە بە ژێر و سەردا
کەی وەک تۆم لێ دێ دەستم لێ بەردا