چ دەبارێ

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  718 بینین
خۆی کردە زانا دەروێش پشیلە
پەندی دائەدا بۆ قەوم و قیلە
دەیفەرموو ئەگەر پاکو بەنوێژ بن
تووکی بەر، کلک و چەنە درێژ بن
شەوی زۆر تاریک بە دەنگێکی خاو
حەوجار بڵێن میاو حەفتا جار مڕمیاو
لەژوور وەک ڕێژنەی هەوری بەهارێ
بۆ هۆزی گورپان مشک ئەبارێ
کوچەکی چەرموو بیستی ئەمانە
توڕەبوو فەرمووی: ئای چەند نەزانە
چی تێ نەگەیوە لە خوێندنی کۆن
هەرچی ئەیبێژێ هەڵبەستە و درۆن
نزا میاو نییە حەپەیە و عەوعەو
سەت و یەکجاران بلوورێی بەشەو
لە نیمەی شەوێک لە ساڵێ جارێ
لە عاسمانی ساو ئێسک ئەبارێ
هەرکەس دەیبینێ لەم جیهانەدا
تلاوتلیەتی لەم خەوانەدا