ڕیش هەڵتەکێنە
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
802 بینین
سوڵتان مەحمودکەسی شای بەدەنگ و ناو
شەوێک ئەگەڕا بە بەرگی گۆڕاو
لە کەلاوێکا کۆمەڵێکی دی
لای دایە لایان گوتیان: ئەتۆ چی؟
گوتی: من دزم شەوگەردە ناوم
لە دەستەی هاوڕێ ئەمشەو جێ ماوم
گوتیان: هەریەکمان فێڵێک دەزانین
بە فێڵ سەرتۆپی کۆمای دزانین
یەک لە دوور ئەکا بۆنی زێڕ و زێو
یەک بە فوو ئەبڕێ دیوارە یا کێو
یەکمان تێ ئەگا لە حەپەی گەماڵ
ئەزانێ چۆنە خەوی خاوەن ماڵ
وەک ڕۆژ ئەبینێ یەک بە شەوی ڕەش
تۆ چی ئەزانی بتکەینە هاوبەش؟
گوتی: پێشترم زۆر لەم پیشەدا
ژیان و مردن ها لەم ڕیشەدا
هەزار دز بەرن بۆ پای قەنارە
ڕیش هەڵتەکێنم گشتی ڕزگارە
وتیان تۆ باوکی هەموو دزانی
نیوەی بۆ تۆ بێ هەرچیمان هانی
***
توڵەیەک وەڕی، گەماڵێ گرتی
زمانی سەگزان کەوتە دڵ خورتی
توڵە گوتی دز، گەماڵ گوتی وست
خێوماڵ دەنگ ناکا تۆ بۆ خۆت تێخست؟
شا وتی ئەمیش هەر ئیشی ڕیشە
جادووی ڕدێنم داوی سەگیشە
***
بە بۆن بۆنی کرد گەنجینەی خونکار
بە فوو کون کرا لایەک لە دیوار
تێڕ پڕ بوون لە زێڕ گیرفان لە گەوهەر
گەسکی لێ دریا و بریا و چوونە دەر
ماڵ شاردراوە و خۆی لێ وەشاردن
ئەو شەوە هەمووی بە بەند سپاردن
بە ڕۆژ هەڵخران سێدارە بۆ دز
دز لەپای دارا خەمبار و سەرکز
چاوڕوونی شەوبین کردی تەماشا
وتی دزەی شەو چۆن بوو بە پاشا؟
کاری خۆمان کرد مەمانخاپێنە
سا نۆرەی تۆیە ڕیش هەڵتەکێنە
شا گوتی: ئێوەش مەرجێ بەرنە سەر
نیوەی خۆم دەنێ و لێرە بچنە دەر
نەجووڵێ ڕیشی خاوەن دەستەڵات
زۆریش بزانی ناگەی بە ئاوات