هاواری لەسەرە

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  720 بینین
کاروانێک شەوێک لە چۆڵێکا
بنەیان خست لە شیو و دۆڵێکا
شەکەتی ڕێگە بوون دەبوو بخەون
ترسی زۆریش بوو بەر دزی بکەون
بوو لەگەڵیان یەکێکی پیری هەژار
گوتی: هەر چاروێدار و خاوەن بار
یەکی زێڕێک بدا بەمن بخەوێ
پاسەوانتان دەبم تەواوی شەوێ
دز کە هات دەیکەمە هەرا و هاوار
مەرجی من هەر هەرا و لە ئێوەش کار
نیوەشەو دز گەیشت و ماڵی برد
تاو هەڵات مامە پیرە بانگی کرد:
ماڵو وێران بێ ماڵ نەما ڕابن
چۆن دەزانن ئەوەند لە خەودابن؟
کە دەبینن هەچی بوو دزراوە
پیرەیان گرت بڵێ: چە قەوماوە؟
وتی: هیچ نەبووە! نیوەشەو سێ دز
زرتەبۆز و سمێڵ فش و چاوبز
یەک جوان، یەک نێوان، یەکێکی پیر
دەس بە ڕمب و کەوان بە تیر و شیر
گەینە سەر سەرم و گرتیان مشتم
گەر نقەم لێ دەهات دەیان کوشتم
ماڵەکەم دانێ خۆم بکەم ڕزگار
وا قەرزداری ئێوەشم: هاوار
شەو لە ترسان کە نەم بوو هاوارێک
فەرموو ئێستا هەزار لە جێی جارێک
قوولە قوولی لەپاش گورگ ئەمەیە
پەژیوانی دەمی مەرگ گەمەیە