قۆناغەکانی ژیان
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
1106 بینین
کاک بەدیعی بابەجانی گەورەتر ڕەسامی ئەمڕۆی کورد، ڕووی لێ نام کە باسی ژیانی بنیادەمی هەر لە دەمی ساوایییەوە هەتا دوایی بە شیعر بۆ بهۆنمەوە، ئەویش بە وێنەی کوردانە بینەخشێنێ و چاپی بکا. من بۆم نووسی، بەداخەوە مەودا نەما پرۆژەکەمان پێک بێنین:
ئادەمی بەرهەمی کەمێ قوڕ و ئاو
دایکە وای کردە جێ گەرا بۆ پیاو
دەوری ساوایەتیی شل و خاوی
خەمڕەوێنی دڵی و لەبەر چاوی
تا دە ساڵی بزۆز و چالاکی
بێ گزی و ڕاست و دەست و دڵ پاکی
لە دە تا بیست بەهاری ژین دادێ
باوی یارگرتن و ئەوین دادێ
بیست و سی ئەرکی ماڵ و منداڵە
خۆش و شیرین و جاروبار تاڵە
هەڕەمەی هێز و بەرهەمە تا چل
پێت گەیاندوون نەمامی شەنگ و شل
چل و پەنجا نەوەت بە باوەشەوە
تاڵی چەرموگ لکان بەمووی ڕەشەوە
پوخت و پاراوی ژین لە پەنجایە
دێتە ڕوو ڕەنج و سوود و سەرمایە
لە پلەی شێست بەتەجرەبە و ژیری
پلەیەک دابەزی بەرەو پیری
چوویە حەفتا بە کۆخە کۆخ، تووڕە
دەست و ئەژنۆ دەلەرزێ، پشت کووڕە
سواری هەشتای، هەناسەشت سوارە
لار دەڕۆی لاقی سێهەمت لارە
لە نەوەد مەرگە پێی دەڵێن ژینە
بەفری بەر سوورەتاوی هاوینە
پاشی سەد وەک مناڵی یەک ساڵی
شیرەخۆرەی بەڵام بە خوێنتاڵی
باوەشی گەرمی گۆڕ کراوەتەوە
هەرچی خاک داویە بۆی گەڕاوەتەوە