کوتکی کاوە

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 7 خولەک  592 بینین
بە هۆی نەورۆزی ساڵی ١٩٦٩ لەسەر ئیزگەی شۆڕشی کوردستان خوێندرایەوە:
چیرۆکێک لە ناومان باوە
زەهاک و دوو مار و کاوە
لە پێ دەشتان، لە کوێستانان
هەموو شەوگاری زستانان
وا بوو بە چەندین هەزار ساڵ
لە دەوری ئاگردانی ماڵ
نەخوازە داپیرەکانمان
دنیادیدە و ژیرەکانمان
لەبەریان کردووە دەماودەم
زۆر شیرین دەڵێن ڕۆڵەکەم
پاپەتییەک هەبووە چۆڵپەرست
جارێکیان هەلێکی دەس خست
ڕێگای کەوتە کوردەواری
لە چیا هەڵیدا دەواری
زۆر لێی خۆش هات هەواری نوێ
قرمی خۆش کرد لێی نەبزوێ
زەوی بە پیت بوو بۆ کێڵان
لێمان کەوتە گەندەڵ فێڵان
بە دەم ئەیوت براتانم
بۆ ئێوە دیاریی یەزدانم
ئەسپ و حوشتر یەک ڕەگەزن
مارمێلکەش هەر بەچکەی پەزن
ڕەز و پەزتان بدەن بە من
من زۆرخۆرم، ئێوە کەمن
عابای بەسەر شان دادابوو
کەی نەیدەزانی چی تیا بوو
کوردی ساویلکە و کوردی زۆڵ
بۆیان دا لە دەف و دەهۆڵ
یەک نەیدەزانی چ باسە
ئەویان بۆ لستنەوەی کاسە
یەک بە حاووحو، مڕەمڕ
زۆڵەش تا ورگی بکا پڕ
کەوتنە خاک و پای بێگانە
دایان پێی ئەم کوردستانە
زەهاک بە کوێخا دانرا
عابای لە شان وەلا درا
دوو مار لەسەر شانی ڕوابوون
دیاریی چی غەزەبی خوا بوون
مارێک بە ڕیش و پرچەوە
تەزبیح بە ملی چرچەوە
مێشکی لەسەر بەتاڵ دەکرد
پڕی لە درۆ و خەیاڵ دەکرد
مارەکەی تر شینە مار بوو
شاخدار بوو کونی لە شار بوو
شاڕەگ پسێن و خوێن مژ بوو
وەک قەسپی بەغدا کوردکوژ بوو
ئەشیان گوت پێشوو هەردوک مار
ماری شارو ماری ڕیشدار
بنیچە کورد بوون، جادووکار
بە ئەفسوون کردبونی بە مار
***
زەهاک و زۆڵە کوردی مار
شیشانە گیان کوردی هەژار
دەستیان کرد بە تاڵان کردن
گەلێک کورد لە برسان مردن
ئاژەڵیان بڕی لەو ناوە
کاتێ زانیان هیچ نەماوە
هاتنە سەر بیری پیاو خواردن
ڕۆژێ دوانیان لێ دەبژاردن
مێشکیان ئەدرا بە مارەکان
گۆشتیش بەشی خونکارەکان
ئێسک بۆ سەگ و گۆڵ و زۆڵ
بەرماوێکیش بۆ پۆست بەکۆڵ
تا بە کورد بڵێ دەنگ مەکەن
دەگەڵ بەشی خوا جەنگ مەکەن
قەزاو قەدەر وای داناوە
لە ناوچاوانتان نووسراوە
***
مام کاوەی باوکی هەژدە کوڕ
ئاسنگەری بە هێز و گوڕ
حەڤدە کوڕیان سەر بڕیبوو
گەڕ لەسەر دوامین کوڕی بوو
ئاگری جەرگ زۆر بە تینە
تۆڵە دەرمانی برینە
بۆ تۆڵە دەستی لە ژیان شوت
دەستی دا کوتکی ئاسن کوت
بەرهەڵبێنەی کردە ئاڵا
زۆر حەشاماتی لێ هاڵا
گوڕاندی وەک هەوری بەهار
ئەی کوردی ژێردەست و هەژار
تاکەی پێخوستی بێگانەی!
تا کەی لەچاوی خۆت تانەی!
تاکەی بیرێک ناکەیتەوە!
تا کەی ئاوڕ نادەیتەوە
تاکەی ئەژی بە سەرشۆڕی
بۆ زەق بەرەو گۆڕ ئەنۆڕی!
بۆچ سەرکزی چارە نووسیت
چی لێ هات کوردە نامووسیت!
با بەس بێ، سەرشۆڕی بەس بێ
ژین بە حیزی بۆ تەرەس بێ
ڕاپەڕە، باسک هەڵماڵە
خۆت باوێژەدەر لەم چاڵە
بەجێ بێڵە پایەی نزمت
سەر بەرزکە خۆت و خزمت
تا سەر، ڕێی ئازادی بگرە
یان زۆر بە سەربەرزی بمرە
مەرگی گەڕناس هەر یەکجارە
مەرگی ترسەنۆک هەزارە
وەرن پیاو بین لە ڕووی مردن
ببزووین بۆ دوژمن قڕ کردن
***
بە نەعرەتەی مام کاوەی مەرد
لەرزە کەوتە بەردار و بەرد
لاوی کورد لە خەو ڕاپەڕین
وەک شێری ڕق هەستاو خوڕین
کاوە بڕۆ بە شوێنتەوەین
ئەوەی تۆی بە نیازی ئەوەین
هیچمان سەرمان نابەینەوە
تا تۆڵەی کورد ئەکەینەوە
با بشەکێ ئاڵای چەرمت
با تیندار بێ دڵی گەرمت
شان بەشان کوڕ و باب و کاک
گوڕیان بەست بۆ کۆشکی زەهاک
بۆ کوێ دەچی، کورد خۆرەکە!
کوردە زۆڵە چوار مۆرەکە!
ڕۆژ ڕۆژی نێرە پیاوانە
مردن بۆ خاوەن تاوانە
***
بوو بە شەڕ، شەڕی بەرانان
گەرمە کۆڕی پاڵەوانان
بروسکەی شێر، بارانی تیر
گرمە و گوڕینی لاو و پیر
ئەتاوێنن زۆری زۆردار
وەک بەفری بەر هەوری ئازار
ئێسک و ڕەگ و گۆشت لێک درا
کۆشکی زوڵمی پێ تێک درا
دیوار ڕمان، دەرگا شکان
خوێن و ئاسن پێک دا لکان
لاش کەوتن لەدوژمن و دۆست
لەسەر ڕێگە ئەبوونە کۆست
کاوە ئەیگوت: گوڕ ببەستن
ناشێ لە خەبات بوەستن
لینگ بەسەر لاشدا هەڵێنن
سەر بە دوژمن بنەوێنن
هێند لە گۆشتی خوێنتاڵ دران
خەنجەریان مشت و ماڵ کران
شەستە ڕەهێڵەی سەر و خوێن
زۆرداری دەرپەڕاند لە نوێن
وەک بەرازی دەورەدراو
بێ هەل و دەرەتان نەماو
ڕەنگ بزڕکاو و دەم بە جوێن
ئەیزیڕاند چڵکاوخۆر لە کوێن!
جاشی کۆن و نوێ بمگەنێ
بۆ جێتان هێشتووم بە تەنێ!
کوا نزاگۆی درۆفرۆش
کوان گیرفان بڕی ڕۆژی خۆش!
زۆریم لەگەڵ کرد بۆ ئێوە
نەمزانی ئەم دەردەی پێوە
بۆچ نایەن بەهاوارمەوە!
لەکوێدا خۆم بشارمەوە!
***
بە دەوری خۆیدا ئەخولاوە
تووشی بوو بە تووشی کاوە!
وتی دەرمانت لای منە
تۆ ژیانت لە خۆت دوژمنە
ئەو کەسەی خۆی بە تۆ فرۆت
تۆشی فرۆت، تەنیا بۆ خۆت
تاوان بۆ گەل دەژمێریەوە
چت لێ ساند پێی دەسپێریەوە
گریان و شین دادت نادا
هەی ڕووڕەش لە قاپی خوادا
***
کوتک هاڕەی دەهات ئۆخەی
سەری دوژمن سندانە دەی
بە کوتکێک ورد و خاشی کرد
بانگاوازی کرد دوژمن مرد
کورد ڕزگاربوو لە بێگانە
کوردستان ماڵی خۆمانە
هەرچی کیژی کورد و کوڕە
هەرچی دڵ لە دوژمن پڕە
با بیکا بە بەزم و خۆشی
ئازادی خەمی داپۆشی
کورد کە ڕزگارە و دوژمن مرد
ڕۆژێکی نوێ دەستی پێ کرد
با ناوی جەژنی نەورۆز بێ
جەژنە لە خۆمان پیرۆز بێ
لاشەی دوژمن وەکۆکرا
ئاگرێکی تێ بەردرا
لە بەر گڕی لاکی دوژمن
بوو بە هەڵپەڕکێی پیاو و ژن
لەو ڕۆژەوە کوردەواری
بۆ بیری ڕۆژی ڕزگاری
هەر ئەبێ هەڵکا ئاگرێ
گڕی تۆڵە دانامرێ
تا ئێرە چیرۆکی کۆنە
با بزانین ئێستامان چۆنە!
***
کاوە: بارزانی
دەردی پێشوو تووش بووینەوە
وەک پێشووش تێ هەڵچووینەوە
زەهاک نەوەی ئەو زەهاکە
داگیرکەری ئاوو خاکە
زۆڵە کورد خۆی پێ دەفرۆشن
بە خوێنی گەلیان سەرخۆشن
هەر کوردن لێمان بوون بە مار
لە گوند و شار وەک شێت و هار
دەگەڕێن بۆ کوردی هەژار
بیکەن بە خۆراکی زۆردار
گەلێک ساوا و پیر و لاومان
خوران، دەرخران لەناومان
لە زۆر حەڤدان تێپەڕیوە
کورد کەم ئازاری وای دیوە!
بەڵام خۆ لەگەڵ ئەوەشدا
لەم شەوەزەنگە ڕەشەشدا
زۆر سوپاس کاوەشمان هەیە
تیشکی ڕۆژی گەشمان هەیە
سەد وەک کاوە لەمێژوودا
لە زوودا و لە ڕابردوودا
لە ڕاست بارزانی بێ ناوە
کەس وا ئازا نەڕسکاوە
لاوی کوردیش بە هەزاران
سڵ ناکەن لەسەرماو باران
پێشمەرگەن و دەس بە خەنجەر
گوێ بەفەرمان لەناو سەنگەر
بۆ تۆڵە ساندن ئامادەن
لە شەڕ سەرخۆشی بێ بادەن
خوێن ئەبەخشن بۆ ڕزگاری
بۆ سەربەستیی کوردەواری
دەیسا کاوەی کورد چی ماوە؟
ئازادمان بکە لەو داوە
دڵخۆش کە ئەو دڵمەندانە
کوا کوتکت! دوژمن سندانە
باجاشگر ئاوێتەی گڵ بن
با جاشک لە ترسان سڵ بن
کوردستانەکەت ڕزگار کە
دەردی دڵی گەلت چار کە
با خۆ لە خەم جوێ کەینەوە
نەورۆزی کۆن نوێ کەینەوە