دەمەتەقەی باپیر و پیرۆت

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  771 بینین
حەمەدەمین فەرەج کە زۆڵە کوردێکی نیشتمانفرۆش و هاوبیری جەلال تاڵەبانی بوو، کرا بە موتەسەڕیفی هەولێر. شێخ حەمەدەمین ناوێکیش کە لەو زۆڵتر بوو کرا بەقایمقامی هەڵەبجە:
ب: پیروت زوو، وەرە، مزگێنیم دەیە
پ: چبووە مام باپیر؟ ب: چەند جاشت هەیە؟
پ: بەخوا، هەردوانن یەک دێزە و یەک شین
ب: بڕۆ جلیان کە پ: تۆ جاشکت بۆ چین؟
ب: دەیان نێرمە خوار، پیرۆت وە تەمام
جاشولکەت بۆ بکەم بە قایم مەقام
پ: چی چی؟ مام باپیر دووپاتەی کەوە!
ب: چی چیی، پێ ناوێ جاشک بە برەوە
موتەسەڕیفی هەولێر جاشێکە
پشتی بەقەدەر عەنتەرناشێکە
پیرۆت تۆ بۆ خۆت ئاگات لێ نییە
قایمقامەکەی هەڵەبجە چییە!
پ: ڕاست ئەکەی، ئەویش جاشە و شێخیشە
ئاخوڕە، پەتکە، کوتکە، مێخیشە
پێشوو ئەیانوت وەحیلەبازی
کەرێک لە بەغدا خۆی کردە قازی
تو ئێژی ڕاست بێ! ب: بۆچی درۆیە
ئێستاش هەروایە، ماست برای دۆیە
لەم ئاڵوگۆڕەی دەور و حەیامە
چوار سەر جاش بوونە خاوەن ڕۆژنامە
بەغداد بە پیتە، جاشی کوردستان
لەوێ گۆڕیاون، ئێستە مامۆستان
پ: سا بەخوا باپیر ئەمەی پێ ناوێ
بیری قایمقام لە دڵ دەرباوێ
یاڵ جاشەکانم لووس ئەکەم وەمووس
پێم خۆشە بکرێن بەڕۆژنامەنووس
دێزە، ڕەسەنە، سمی وەک گوێزە
حەیفە پێی نەڵێن مامۆستا دێزە