دەمەتەقەی پیرۆت و باپیر

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  922 بینین
شێخ حەنەشی عارەب جاشکی خالیدی کوڕی وەلید بوو، ڕۆژی ١٤ / ٤/ ١٩٦٧ لەگەڵ ٥ جاشکی هاوڕەگەزی خۆیدا کوژرا. بەغدا بۆی کەوتە شین و شەپۆڕ و بە هەزاران عەسکەر و جاشی کورد و عارەبی بە تۆپ و تەیارە و زرێپۆشەوە ناردە سەر پێشمەرگەی دەشتی هەولێر، فارس باوە و پێشمەرگە قارەمانەکانی هەواڵی، کارێکیان بەسەر حکوومەتی بەغدا هێنا، بانەیی دەگەڵ کەری خۆی نەکردووە لەو بارەوە نووسیومە:
پ: دیارنەبووی باپیر لە کوێ بووی بە خێر؟
ب: بەخوا مام پیرۆت چووبوومە هەولێر
پ: دەنگ و باس چبوو؟ چۆنە ئەو ناوە؟
ب: دنیا شێواوە، حەنەش کوژراوە
پ: حەنەش یانی چی؟ کام جانەوەرە؟
ب: جاشکی وەلید بوو ئەو پیرەکەرە
لوشکی ئەهاوێشت، ئەیگەزتین بەدەم
لوولە ڕەشاشێک ناردیە جەهەندەم
حوکماتیش کێچی کەوتە کەوڵەوە
بۆ تۆڵەی باوکی کەوتە هەوڵەوە
ئیزگەکەی بەغدا هەر هاواریەتی
شینی بۆ کلک و گوێچکەی لاریەتی
چاو بە گریان و خوێن بە دەمەوە
فەرمووی سەری کورد پان ئەکەمەوە
مغاویر هات و تۆپ و دەبابە
هەروا گابۆڕ بوو، یا وەیلی و یابە
جاشوولەی کورد و عارەبە ڕووتە
بەو دەشتە وەربوون بەزەڕە و جووتە
عەسکەر لێی ئەخوڕین بۆ تۆڵەساندن
پێشمەرگەی خۆشمان باش تێی گەیاندن
ساعیقە پەل بوو، دەبابە شکا
حەیای نەماوی مغاویر تکا
جاشە کورد کلکی بە گەڵۆزەوە
وەلید پەین و خۆڵ بە لمبۆزەوە
کورتان بەجێ مان، عەگاڵ بڵاو بوون
کڵاو بێ سەر بوون، سەر بێ کڵاو بوون
سەتیان لێ تۆپان لە سۆنگەی حەنەش
سەری شکاویان بۆ ماوە و ڕووی ڕەش
پ: بۆ حەمەی سابیر بۆ وایان نەکرد!
چەند جاش تۆپێنرا، هەر باسیان نەکرد؟
ب: پیرۆت هۆشت بێ، حەنەش عارەوە
جاشەکەری کورد چۆن وەکو ئەوە؟
جاشێک وەزمانی خۆیان بزەڕێ
هەزار جاشی کورد دەسەری گەڕێ
جاشی کورد بۆ بار، عارەب بۆ بەرە
جاش کە تێ ناگا جسناتی کەرە