بەکرەجۆ

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  870 بینین
جاشکەکانی مامۆستا برایم و مامۆستا جەلال تاڵەبانی لە بەکرەجۆ گوێزرانەوە چەمچەماڵ و کەرکووک، ئەم سروودەیان بۆ نووسراوە کە هەموو بەیانییەک بیخوێننەوە:
بەکرەجۆ مەفتوونی تۆم و شێوەتم بیر کەوتەوە
پەینی وشک و شاڵ و قاشاغت بە کاو و جۆتەوە
من لە زیکر و فیکری تۆ خافڵ نەبووم وا تێ نەگەی
چەمچەماڵشوێن و شاری کەرکووکشوێن تۆی لە بیر بردۆتەوە
بەو ڕەئیسەی عەسکەرێکی هیچ نەزان و مل هوڕە
جۆیەکەت جۆرێ لە زگما ئاگری کردۆتەوە
ئەو هەموو بیرە و شەراب و ئارەقەی پێدا دەکەم
قەت گڕو گڵپە و بڵێسەی تاوێ ناکووژێتەوە
باسی خەمباری و کەساسیم هەر مەکە، ترسم هەیە
جێ نەقیزەی تیژی قاید فیرقە پێنج بوکڵێتەوە
سوێند بە بەززاز و بە یەحیا و مەرقەدی مەرحوومەکە
دوور لە تۆ هەر کەس شەرابی خواردەوە دەڕشێتەوە
ئێمە ڕۆڵەی عارەبین، هەرچەندە کوردن دایکمان
ڕوحمی بابان سەد هەزار ساڵیش لە بیر ناچێتەوە
بێ قسوورە، چەند جەسوورە جاشی بێ پاڵووی بلە
وا لە ڕێی کورد کوشتنا لاشی لە خوێن ئەتلێتەوە
بەسیە تەعنەم لێ مەدە هەر جاشەکەی جارانتم
هێندە حیلمت بێ هەتا ئەمجاش مەعاش ئەدرێتەوە
شەرتە شەرتی جاشەتی بێ سووریاش کۆمەگ بکات
ناوی کوردستان شیمال بێ و ناوی کورد گوم بێتەوە
وەرامی پێشمەرگە:
جەحشی وەحشی بووی لە تاوی پارە بیر ناکەیتەوە
جەنگی کوردستان نەمێنێ جاش بەلاش دەخولێتەوە