دەمەتەقەی پیرۆت و باپیر

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  963 بینین
ئەو چیای سەفینەی عیسا شاوی بە دیاری ئەیدا بە موشیر عارف دەس کوردان کەوتەوە و جاش و عارەبیش ئەوی لە تۆپین ڕزگار بوون و زۆر بە شپرزەیی هەڵاتن. لەو بارەوە نووسیومە. لە ژمارە «٤٨٢» خەباتدا چاپ کراوە:
پ: باپیر مەرحەبا ب: مەرحەبا سەرچاو
پ: بۆ کوێ وا گورجێ؟ ب: بەخوا، ئەچمە ڕاو
پ: ڕاوی چی ئەکەی؟ ب: هەر چیم دەسکەوێ
بەراز بێ، جاش بێ، زابتە عەرەوێ
من هەر پیس کوژم بچمە هەر جێیە.
پ: بۆ ناچیە سەفین! شاویەکی لێیە
ئەوی کێومانی ئەدا بە دیاری
ب: پیرۆت لە ئەقڵا گەلێک هەژاری
شاوی و ماوی چی؟ ئەو ڕۆژە نەما
جاشک بزەڕن بە هەوای کەما
پ: ڕاست ئەکەی دیتم «زێڕۆ» بەگیان کوشت
چوو بۆ جەحەندەم کلک لەسەر پشت
ساتۆخوا مەڕۆ پێم بێژە باپیر
ئەوێستا چۆنن جاشوولەی موشیر؟
ب: یەکجار کەساسن گوێیان تەپیوە
موشیری باوکیان سمی قەڵشیوە!
پ: جا گوایە سمی بە چی قەڵشاوە؟
ب: جووتەی لە بەردی کوردستان داوە
پ: دەک مردووی مرێ بەخوا گوێرێژە
ب: ئیتر مۆزی کرد لەو سەرو لێژە
زابت سواری جاش سەر بەرە ژێرن
پ:ڕاست ئەکەی عارەب بەجاشان فێرن
دەیسا ئەچیە کوێ بۆ نێچیر و گەشت!
ب: ئەبێ لەمەودوا ڕاو بخەینە دەشت
بۆ هەر کوێ ڕاکەن ئەیاندۆزمەوە
بەم بەراز کوژەم ئەیان قۆزمەوە
پ: ئا، قوربانت بم باپیر بیانپێکە
کلکە جاشێکیش بۆ من بەڕێ کە