چۆن بوومە پێشمەرگە؟

تۆڵەساندنە
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  1158 بینین
بەسەرهاتی پێشمەرگەیەکە و کردوومەتە شیعر، لە ئیزگەی شۆڕش خوێنرایەوە و لە ڕۆژنامەی خەباتا بڵاو کرایەوە:
گوندەکەمان زۆر ئاوا بوو
هەرچی بتەوێ تێیدا بوو
زەوی بە پیت و ئاوی زۆر
تەسەل بووین لەنان و پێخۆر
خاوەنی ڕەز و تووتن بووم
خاوەنی مناڵ و ژن بووم
هێندێ پاتاڵی دۆم هەبوو
لە هەر شت بەشی خۆم هەبوو
لە ڕۆژا خۆم و مناڵم
ماڵی مامم، ماڵی خاڵم
وێکڕا بەر ئەبووینە زەوی
ڕێکمان ئەخست بەرز و نەوی
کێڵان و کڵۆ شکاندن
بژار و هەژگەڵ پەڕاندن
داییک میوەی لێوە دەکرد
باب تووتنی پێوە دەکرد
لە کاری ڕۆژ بەتاڵ ئەبووین
ئێواران بەرەو ماڵ ئەبووین
زیقەی مناڵم لا خۆش بوو
خەمم بەوان فەرامۆش بوو
حیلکەی کیژە چکۆڵەکەم
خونچیلە و نەرم و نۆڵەکەم
گاڵەی کوڕە سێ ساڵەکەم
وەک بەهەشتێ بوو ماڵەکەم
ئازووقەی سێ مانگم دانا
برسی نەبین لە زستانا
***
ڕۆژێک ئای لەو ڕۆژی وا شوم
وەک جاران بەرەو مەزرا چووم
تازە زەردە دابووی لە کێو
هاڕە ئەهات وەک هاڕەی دێو
فڕۆکەم بەرچاو کەوتن دوان
گەمارۆیان دا گوندی جوان
بۆمبا دابارین سێ و چوار
دێ ون بوو بە تۆز و غومار
ڕام کرد بەرەو ماڵ بزانم
چی لێ هات ماڵ و خێزانم
چی ببینم؟ ماڵ کوانێ ماڵ؟
گڕی ئاگر، مشکی، زووخاڵ
نەشمیل، کوردە، بابە، دایە
کڵۆڵ خۆم کەس دەنگی نایە
جیران، لە کوێن؟ بۆ ناپرسن!
ئەویش ماڵ سووتاون وەک من
خۆم هاویشتە ناو گڕی سوور
گڕ چی! وەکو گڕی تەنوور
کە ڕوانیم، چیم بێتە بەر چاو
کافر دڵی ئەبوو بە ئاو
ژنم ڕۆڵەی لە باوەشا
کۆڵوون لەناو خۆڵی ڕەشا
دایک لە لایەک سووتاوە
باوک بە دووکەڵ خنکاوە
نەشمیلم لە بێشکەی سووتاو
نیوە مردوو، نووزە تیا ماو
خۆم دا بەسەریا لە تاوان
شوشتم بە فرمێسکی چاوان
سووتام، بەڵام پێ نازانم
کیژۆڵەم خستە سەرشانم
هێنام ڕام کرد بەرەو کانی
ئەمجا لە پڕ هێندەم زانی
دەبابە گەینە لای ڕەزی
زۆر عەسکەریان لێ دابەزی
عارەبی چەپەڵ و خوێن تاڵ
تەعال تەعالیانە وەک لاڵ
کیژیان لە شانم کردەوە
بەرەو ئاگریان بردەوە
هەیهاوار هەیداد هەی بۆ خوا
لەلای زاڵم بەزەیی کوا!
مەلا هات بە قورعانەوە
لەڕێ بەرپەرچی دانەوە
زابتێکی ڕەشکەڵەی لەڕ
ڕووگرژی چاوسووری بەدفەڕ
مەلای دایە بەر مست و جوێن
ڕیشی سپی ڕەنگا بە خوێن
قورعان، ئەو قورعانی وا هەق
لە بەرچاوم دایە بەر شەق
بەستیانم، دڵم ڕاچەنی
ڕووڕەش قاقا پێ دەکەنی
خوایە هەر خۆت هەڵی نەگری
ئێستاش ئەبیەم نەشمیل ئەگری
دەگەڵ زیڕژنی جەرگ بڕ
نەشمیلیان هاویشتە سەر گڕ
لە تاوان لە هۆشی خۆم چووم
ئەوان لایان وابوو مردووم
***
ئێوارە چاوم هەڵێنا
وام لەناوەند لاش و خوێنا
هەر ژن و پیرە کوژراوە
هەر مناڵە و سەر بڕاوە
گوند بەسەر یەکا تەپیوە
ئاگر هەر دانەمرکیوە
نە ڕەز، نە تووتن، نە پاتاڵ
نە جیران ماوە و نەهاواڵ
زۆر گوندان گەڕام سەر و بن
زۆر کەسم دی بە دەردی من
هاوار قورعان خوا پێغەمبەر
چیمان کرد ئێمەی قوڕ بەسەر!
مناڵمان کام گوناهی کرد
خوا بۆ ئێمەت بەو دەردە برد؟
***
ڕیش سپییەک هات بە لامەوە
گەلێک دڵخۆشی دامەوە
تێی گەیاندم لە کارەسات
لەچی و بۆچی وام بەسەر هات
هێندێک عارەبی ئەو خوارە
نەزان و خوێڕی و بێکارە
زۆردارن، خودا نەناسن
پیسن، بێ دەرپێن، پێخواسن
هاتوونە سەرمان وەک جەردە
چاویان لە خواردنی کوردە
ویستیان بێ سەروبەرمان کەن
لەم کوردستانە دە رمان کەن
داگیری کەن شار و دێمان
خۆیان دانیشن لە جێمان
زەوییەکەم ڕەشێک بیکێڵێ
نانی شەو بۆ من نەهێڵێ
***
لەو ڕۆژەوە من و زۆر کەس
بەسوێند دەسمان خستە ناو دەس
بڕیارمان داوە تا ماوین
بەهار بێ و زستان و هاوین
لە هەوڵدان دانەمێنین
تا تۆڵەی خۆمان دەستێنین
ماڵ و گیان هەرچی هەمان بێ
بە قوربانی کوردستان بێ
ئەم هەموو ئازا و بە جەرگە
بۆ وڵات بوونە پێشمەرگە
وێستا گەلێک زۆرن وەک من
بۆ تۆڵە سەندن لە دوژمن
شۆڕشمان بە هێز و گوڕە
بۆ کوردخۆران جەرگ بڕە
***
هەر بەو زووانە خوا یارم بێ
گەلی کورد هاریکارم بێ
ئاگریان لە گیان بەردەدەم
خۆڵ و قوڕیان وەسەر دەدەم
تۆڵەی کوردەو تۆڵەی نەشمیل
ئەبێ هەڵیان واسم بە پیل
تۆڵەی ژن و دایک و بابم
شەرتە چیان کرد منیش وابم
توڵەی ڕەز، تۆڵەی ماڵەکەم
تۆڵەی دەغڵ و پاتاڵەکەم
لە بیرمە و دڵ پڕ ئاگرم
نەیسێنم ئۆقرە ناگرم
هەر کەس نەیبێ بیری تۆڵە
لە بابی خۆی نەبووە و زۆڵە