سروودی جاش

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  1415 بینین
لەسەر زمانی جاشە کوردەکانەوە ئەم سروودەم نووسیوە:
جاشین کوڕی کەرانین
جاشەکەری گوێپانین
عاش عاش عاش
جاش جاش جاش
ئێمە وەتەنفرۆشین
مردووی پارە و قرۆشین
داردەستی داگیرکەرین
کەیفساز و سەرخۆشین
نۆکەرین بۆ بێگانە
بە دڵ بۆی تێدەکۆشین
***
هەر کەس وەتەنپەرستە
زۆر لەلای ئێمە پەستە
نیشتمان و نامووس چیین!
بەستەی دینار مەبەستە
برای خۆمان ئەکوژین
گەر تۆزێک خاوەن هەستە
***
با دابارن تف و جوێن
لە هاوڕەگەز و هاوخوێن
گوێ نادەینە شتی وا
نامووس، خوا و شەرەف لە کوێن!
لە پیاوەتی تێناگەین
لە بابەت پارە بدوێن
***
نامەردی خاوەن پارە
لامان ئاغا و سەردارە
هەر کورتانمان تازە بێ
کۆڵمان ئامادەی بارە
جاشین با گەورە ببین
شەشدانگ ئەبین ئەم جارە