سروود بۆ قوتابیان
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
1 خولەک
1290 بینین
ساڵی ١٩٦١ شۆڕشی پیرۆزی کوردستان دەستی پێ کرد، بەپێی توانا منیش بە پەخشان و شیعر بەشێکم تێ خستووە. هەرچەندە هێندێک لەو شیعرانەم نەشخوێندراونەوە! ئەم سروودەم لە سەرەتای شۆڕشدا بۆ شاگردانی مەدرەسە نووسی:
من ڕۆڵەی کوردم، بۆ نیشتمانم
سەرم دائەنێم، ئەبەخشم گیانم
لە ڕێی شۆڕشا خوێنم ئەڕژێنم
ئاڵای ئازادیی پێ دەڕەنگێنم
زۆر شەرمە بۆ من کورد ئازاد نەبێ
گەلم وەک گەلان دڵی شاد نەبێ
***
خوێنی مامم بوو لە ئاگری ڕژا
خوشکەکەم مێشکی لە دەرسیم پژا
باپیرم لە چیای شیرین نێژراوە
لە کن مهابادشوێن باوکم کوژراوە
برام لە بەغداشوێن بە داردا کرا
زۆر ماڵە خزمم بەر بۆمبا درا
***
گەلێک پێویستە زانست و خوێندن
بۆ سەربەخۆیی، بۆ تۆڵەسەندن
گەل خوێندەوار بێ قەت ژێر ناکەوێ
لە ڕاست بێگانە سەری نانەوێ
چینی تازەی کورد بە خوێندەواری
بەرز ئەکاتەوە ئاڵای ڕزگاری
ئێمە چینی خوێندەوارین
پێشڕەوی ڕێگەی ڕزگارین
ڕەمزی کار و نەوەستانین
فیداکاری کوردستانین