ئافەرین بۆ گیانبازان

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  1048 بینین
بۆ بیرەوەریی شەهید کرانی شێخ سەعیدی پیرانکەس ئاهەنگێک لە بارەگای خەبات لە بەغداشوێن گێڕدرا ئەم شیعرەم بەو هۆیەوە خوێندەوە:
پێ و چەک زرمەیانە و خرمە
کۆ بوون کۆمەڵێ جەندرمە
ڕق لە دڵ و نێزە بەدەست
لە ناو گۆڕاییەک ڕیزیان بەست
دیاربەکرشوێن خەمگین و ماتە
چاوەنۆڕی کارەساتە
لە شەوێکدا لە ئاقارێک
هەڵخرا چەند پەت و دارێک
شێخ سەعیدی پیرانی پیر
لەگەڵ چەند لاوی مەرد و ژیر
بوونە قوربانی کوردستان
بوونە ڕووگەی کوردپەرستان
ئەنقەرە ئەمرێکی دەرکرد
شێخ کوژرا، کوردستانیش مرد
بەڵام مێژووی ژیری بیر ورد
گەمەی بەو قسانە دەکرد
بە خەتێکی سووری وەک خوێن
نووسی لە دیاری ترین شوێن
ئەوانە نامرن و زیندوون
هەزار قات دێنەوە کە چوون
مەرگ هەر بۆ گەل خۆرانە
نەفرین بۆ خاوەن زۆرانە
سەد ئافەرین بۆ گیانبازان
بۆ گیانی ئازادیخوازان
شێخ سەعید هەرگیز نامرێ
ناوی با دنیا داگرێ
خوێنی کوردان کە ڕژاوە
ناوی تورکی پێ کوژاوە
هەر دڵۆپێکی ئەو خوێنە
بۆ تۆڵەساندن هەوێنە
تا لە کوردستانە ترکێ
خوێنی کوردان دانامرکێ
تۆڵەی شەهیدان دەستێنین
پەڕی مێژوو دەڕەنگێنین