وەسیەتنامەی هەژار

بەناوی خودا
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  1094 بینین

حەدیسی پێغەمبەر، سڵاوی خودای لێ بێ: «لەو دنیا هەر کەس دەگەڵ ئەوانە حەشری دەکرێ کە لەسەر دنیا خۆشی ویستون»

خواش ئاگادارە کە منی هەژار لە هەموو تەمەنی ژیانمدا هیچ کەسێکم بە قەدەر مەلا مستەفا بارزانیکەس خۆش نەویستوە... کە بەرانبەر بەو حەدیسە دەبێ حەشرم دەگەڵ ئەو بێ و هەروەک لە دنیا لێیەوە نزیک بووم لە قیامەتیش بە یەکێک لە نزیکانی خۆیم قبوڵ بکا.

وەسیەت دەکەم بۆ ئەو کەسانەی دۆست و نزیکمن ئەگەر ئەوەندەی بۆیان مومکین دەبێ کاتێ مردم لاشەکەم لەبەر پێی مەرقەدی مەلا مستەفا بارزانی بنێژن. یان لانی‌کەم لەو گۆڕستانەم بنێژن کە ئەوی تێدا نێژراوە... لەوانەش کە دۆست و نزیکی بارزانین و لەپاشی بەجێ ماون دەپارێمەوە، ئیجازە بدەن کە قەبرم لە قەبری مستەفا بارزانییەوە تا دەکرێ دوور نەبێ تا وەک لە دنیا هەموو دڵخوشی و شانازیم بە دیتن و نزیکبوون لەو بوو. لاشەکەشم نزیک بە جەنازەی پیرۆزی ئەو بێ و ئەگەر خوای کرد و لە سایەی ئازادبوونی کوردەوە جەنازەکەیان بردەوە بارزان، شتێک لە ئێسکی منیش بەرن و لەبەر پێی ئەودا ژێر خاکی کەن. ئەگەر بۆیان مومکین نەبێ وەسیەتەکەم جێبەجێ کەن قەیدی نییە، خۆ ئەگەر بۆیان مومکین بێ و زەحمەت و دەردی‌سەری لەدوو نەبێ و بە وەسیەتەکەم عەمەل نەکەن لە قیامەت لای بارزانی گلەیان لێ دەکەم. لێشم ڕوونە هەروەک لەسەر دنیا لاگیری لێ دەکردم ئەوساش لاگیریم لێ دەکا...