تەئریخ و ئەشخاس

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 3 خولەک  616 بینین
پیرەمێرد لە دەستخەتێکدا ئەم سروودەی خوارەوەی نووسیوە. بەر لەو سروودە ئەم چەند دێڕەی نووسیوە. وا ئێمەش هەردووکیان نووسینەکە و هەڵبەستەکەش پێشکەش ئەکەین:
ئەڵێن لە ساڵی ١٨٧٨دا «موشیر عوسمان پاشا» ی تورک بە لەشکر و سوپایەکی زۆرەوە چووە بۆ سەر «بەدرخان پاشا»ی میری جزیر و بۆتان. لەشکری تورکەکان لە مەڵبەندی بەدرخان پاشادا خێوەت و بارەگای خۆیان هەڵدابوو و خۆیان ئامادە کردبوو کە سبەینێ کاتی شەبەیخون بدەن بەسەر لەشکری بەدرخانیدا. یەکێک لە پیاوماقوڵ و زەبربەدەستەکانی بەدرخان پاشا کە ناوی «حەسەن هەویر» بووە، شەو بە دزییەوە جلی عەسکەری تورکی لەبەر کردووە و بە ناو لەشکر و بارەگای عوسمانلیەکاندا تێئەپەڕێت. کاتێک کە موشیر عوسمان لە خەوا ئەبێ حەسەن هەویر ئەچێتە ناو خێوەتەکەیەوە و بەبێ دەنگی و لەسەرخۆ جلە سورمەییەکانی پاشا لەگەڵ هەموو نیشان و مەدالیاکانی هەڵئەگرێ و ئەیپێچێتەوە و خەنجەرە خۆراسانییەکەی لەسەر مێزەکەی دائەنێ و نامەیەک بۆ موشیر عوسمان ئەنووسێت کە بریتی بووە لەم چەند دێڕەی خوارەوە: [من حەسەن هەویرم، هاتمە سەرت بۆ کوشتنت، بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە خەوا بووی وازم لە کوشتنت هێنا، چونکە پیاو ئەگەر دوژمنی خۆی لە خەوا بکوژێ زۆر نامەردە]. بەم جۆرە حەسەن هەویر لە خەیمە و بارەگای موشیر عوسمان ئەچێتە دەرەوە و سواری ئەسپەکەی ئەبێ و دێتەوە لای بەدرخان پاشا، جلە سورمەیی و کەلوپەل و مەدالیاکانی موشیر عوسمانی پێشکەش کردووە بە بەدرخان پاشا. بۆ ڕۆژی دوایی لەشکری بەدرخانییەکان ئەدەن بەسەر لەشکری عوسمانلیەکانا و تاروماریان ئەکەن. لە زەمانی کۆنا، کە کوردەواری بچوونایە بۆ شەڕ، هەر تاقمە جۆرە گۆرانییەکی تایبەتی خۆی ئەوت. لە کاتی ئەو شەڕەشدا لەشکری بەدرخانییەکان چەند تاقمێک بوون، هەر تاقمەی بە ناوی سەر کردەیەکەوە جۆرە گۆرانی و سروودێکی وتووە. پیرەمێرد بە ناوی ئەو تاقمانەی کە لە لەشکری بەدرخان پاشادا بوون ئەم چەند دێڕەی لە شێوەی سروودا وتووە، کە چەند دێڕێکی هی تاقمی حەسەن هەویر بووە و ئەوانی تری هەر چەند دێڕێکی هی تاقمێکی تر بووە.
دەستەی خەڵەف:
من خەڵەفم، نەوەی کورد
کاتێک هاتم دەستوبرد
ئەبینی لەشکرم لە ناو برد
عوسمان پاشا لە ترسا مرد
فەرمانی میری بۆتانە
***
دەستەی میری شرناخ:
جزیری خۆش جزیرێ
لێی دێ دەنگی نەفیرێ
زابت بەستن بە زنجیرێ
بگرین شازیان بە ئەسیرێ
فەرمانی میری بۆتانە
***
دەستەی ئاغای دیرگوڵ:
ئەو شەڕ لە ملی خانە
خان ئەمری دایە کوردانە
هێز بەرنە ژ سەر تۆپخانە
بە خوین سوور بی ئەم مەیدانە
فەرمانی میری بۆتانە
***
دیرگوڵە خۆش دیرگوڵە
بەدرخان بەگ سوور گوڵە
لە عوسمان پاشا بەکوڵە
جێی عوسمان پاشا ژێر گڵە
فەرمانی میری بۆتانە
***
دەستەی حەسەن هەویر:
بژی حەسەن هەویرێ
پەلاماردان وەک شیرێ
عەسکەر لە چیان هەڵدێرێ
ئوردو شکا سەرەوژێرێ
فەرمانی میری بۆتانە