بە ناوی «شیعری نوخشەی تازە شاعیر»

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  750 بینین
شاڵ و قاشاو بۆ یەختەی ڕەش
دیزەی ڕەش لەسەر ئاگری گەش
گیپە و کەشکەک بە ڕۆنی لەش
دەسدار ئەیبا و بێ دەس بێ بەش
ماندوو نەبیت پوورە وەنەوش
تۆش بەندێک بڵێ تەواوە
***
بووکە خازێی گۆرانیبێژ
هەموو سەری مانگێک بێنوێژ
هەڵدەپەڕێت وەک داراوێژ
گۆشتی مێی گێژ، درەوی لێژ
لەسەر گردی توورەکە ڕێژ
نازانین چی لێ قەوماوە
***
دەمت ژوورە و لووتت کوورە
ملت گێزەر، مەمکت توورە
چەند دۆست ئەگری لە بەربوورە
ئەو چاوەت کە وەک کلتوورە
بۆیە وا خەڵکت لێ دوورە
زۆرکەس لێت بە بەند و باوە
***
کورتە باڵای گوێلک چاوە
دەم و زوڵفت هەردووک خاوە
کەس نەما هەر منت ماوە
ڕوویەکمان لێ بکە بەم لاوە
وای لە چی و وای لە دۆشاوە
چرا هەڵکە چی تیاماوە؟
***
دنیام پێوا قوژبن و سووچ
ڕەتاندمت بە پڕوپووچ
چڕنووک، نوقورچ بۆ ماچ و مووچ
ڕەتێکت برد کەوتیتە نووچ
ئۆخەی تۆی کەوتووی لنگەوقووچ
جێگای شاراوەت دیارە
***
لە پاش چەندان بووی بە یارم
وەک تیم گەیشتووی بە کارم
یارۆکەی خۆزگە بە پارم
جوانیت مژیم لێت بێزارم
سمینم سمۆرەی دارم
نەماوە هێڵم بڕاوە
***
برژانگ کەر دڕ، زوڵفت وەک داس
لە بیرتە سەر جۆگای قورتاس
لێی ڕاکشابووی بێ ئاوەڵکراس
ئەتوت: ئاخ بۆ تڵێ ڕێواس
ماندووت کردم هەی خوانەناس
خۆزگە بە پارت پێ ماوە
***
ئاوی چەقان گەرم و گوڕە
چی بکەم لەو خوێن سارد و سڕە
خۆی کورتە و درێژ دادڕە
زۆر بەگێچەڵە و دەم شڕە
ئەمگەزێ وەک مەشکەدڕە
ژەهری کوللەم بۆ داناوە