قافیەی بەجرت

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  452 بینین
دوێنێ لە بازاڕ لە ناو گوزەردا
جاڕی «دوخانی شەرقیان» ئەدا
کوڕێک بە سیما و چاکەت و پانتۆڵ
سەرێکی ڕووتی بە زوڵف و کاکۆڵ
بە عارەبی ساف بە دەنگێکی ڕەق
ئەیوت «أدخنوا من دخان الشرقعەرەبی»
لەگەڵ وتی شەرق، شرق شرق لە دواوە
یەکێک جرتێکی وای بۆ بەرداوە
ئەفەندی ئاوڕی دایەوە و مناڵ
ڕای کردوو کابراش لە دووی کەوتە باڵ
ئەم خەڵکە هەموو کردیانە هەرا
پێچەبەدەوری کرد لە گوزەرا
قوڕ گیرابووەوە بۆ سواغی دوکان
کەوتبووە سووچێک نەیاندی هیچیان
مناڵی پێخاوس هیچ باکی نەبوو
نەچەقیە ناو قوڕ سووکێ بۆی دەرچوو
بەڵام ئەفەندی بە قۆندەرەوە
چەقی و نەیتوانی بێتە دەرەوە
تەکانی خۆی دا لەپەوڕوو بۆی کەوت
هاتە دەرەوە وەک دەعبای ئەشکەوت
هەموو دوکاندار ئاویان پیا ئەکرد
هەرچەندێکیان کرد قوڕیان لانەبرد
ئافەرین مناڵ لەگەڵ قافیەت
هەر بژین لەگەڵ عومر و عافیەت