سەرمەستی ڕوو سوور
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
899 بینین
خوایە ئەم دڵەم هێزێکی بەرێ
کە غەم لە ناو خۆی بکاتە دەرێ
من خۆم نازانم چی بۆ من چاکە
تۆ بە مەیلی خۆت دڵم ئاوا کە
پایەی تۆ ناسین ئەگەر دەرکەوێ
ئیتر کێ دنیا و دیناری ئەوێ؟
من کە دێوانەی تۆ بم بە تەنیا
شەقێک هەڵئەدەم لە هەردوو دنیا
دڵم هەمیشە یادی تۆ ئەکا
گیان لە ڕێی تۆدا جستوجۆ دەکا
بەهەشت مەدح ئەکەن بە ناو و داوێ
من لیقای تۆم بێ بەهەشتم ناوێ
عاشق کە بە ڕاست دەستی لەگیان شت
پەکی سەیران و گەڕانی خۆی خست
دیارە کە یاری ئەو وەفایەی دی
کامی وساڵی بۆ دێنێتە دی
خوایە ئەیزانی کە من تۆم ئەوێ
مەعشووق چە ڕایەی بە تۆ دەکەوێ
خوایە نامەوێ تاعەتم زۆر بێ
نەوەکا نەفسم بەوە مەغروور بێ
خۆم بە گوناهکار ئەدەمە قەڵەم
تۆ خۆت فەرمووتە حەز لە عەفو ئەکەم