موناجات - ناڵەی پیری پیران

تەمووزی ساڵی ١٩٣٧
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  749 بینین
خوایە هاوارم تەنها بە تۆیە
تۆ نەبی عالەم بە چڵ و چۆیە
دوو باڵم بەرێ کە پێی بفڕم
باڵی دوو تەیری نەحسی پێ ببڕم
یەکەم: کۆلارەی تەماعی نەگبەت
دووهەم: سیسارکە کەچەڵەی شەهوەت
ئەگەر ئەم دووانەم توانی باڵ شکاند
نێچیری مەردیم لە دنیا فڕاند
خۆ ئەگەر هەروا ئەم دووانەم سوار بێ
ئەبێ ناوی من کەری ژێر بار بێ
خوایە وا من خۆم تەماعم ناوێ
فەرموو ئەو وازم لێ بێنێ تاوێ
ڕوو بکاتە شوێنێک کە ئەویان ئەوێ
شەو و ڕۆژ دڵیان بۆ ئەو نەسرەوێ
تەماع پارەیان پێ کۆ بکاتەوە
هەتا لە تۆیان دوور ئەخاتەوە
لەبەر مەرگ حاڵی دنیا ئەگۆڕێ
خۆ دیارە پارە ناچێتە گۆڕێ