گۆرانی

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  849 بینین
بە بۆنەی گێڕانی ئاهەنگێکی سەر شانۆیی کە قوتابیانی زانستی لە ساڵی ١٩٣٢دا گێڕاویانە:
دڵەکەم غەمگینە، دڵەکەم غەمگینە
ئەگەر غەمخواری وەرە بمبینە
خوایە ئەو دڵەت تۆ بۆچ دا بە من
عەشق و حەیاتم لێک بوون بە دوژمن
عەشق غەمی ئەوێ و حەیاتیش خۆشی
ئاگر لە دڵدا چۆن دادەپۆشی؟
باری حکومەت لە جەستەم بارە
دڵیش بە تیری یار بریندارە
دەوری ڕۆژگار گەردوشی بادا
با بە بادە غەم بدەین بە «با» دا
کە غەم ئەمخاتە حاڵی بێ هۆشی
ناچار دەست ئەکەم بە بادەنۆشی
دەستگیریم بکە ئەی یاری شەبگەرد
بە پەیامی یار لە دڵ دەرکە دەرد