بۆ کەنتوی بارامی تیاترۆچی

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  484 بینین
ڕاوەستن پێتان بڵێم، ئەم دنیایە چلۆنە
ئێستا کچان تێر ناخۆن بە دراوی پیاوی کۆنە
ئای ئامان ئامان سووتام، خۆشە وەک نوقڵی بادام
ڕەگی ڕۆحیان دەرکێشام، لیرەکانیان دەرهێنام
جادەی تازە تەی ئەکەن، ئیسکارپین لەپێ ئەکەن
کردوویانە بە مۆدە، بە قسە خۆیان شل ئەکەن
میراتی زۆرم بۆ ما، کچان لێمیان دەرهێنا
لەڕێی سەودای کچانا دەرپێم لە پێدا نەما
هەمووش پێم پێ ئەکەنن
ئای ئامان ئامان سووتام! شیرینن وەکوو بادام
ڕەگی ڕۆحیان دەرکێشام لیرەکانیان دەرهێنام!