کەهانەت

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  837 بینین
هەرچی پێغەمبەر خەبەری داوە
لە باسی کاری دنیا و عوقباوە
فەرمووی نیشانەی تێکچوونی جیهان
بێ باوەڕییە و زەعیفیی ئیمان
زۆرکەم ئەمێنێ نوێژ و جەماعەت
لە ئەمانەتیش ئەکەن خیانەت
عیززەت ئەچێتە لای پیاوی زاڵم
قەدر و ئیمانی نامێنێ عالم
برەو ئەسێنێ شەراب و قومار
ماڵ گران ئەبێ لە شار و بازاڕ
کوشتن و دزی و تاڵانی و درۆ
فەقیر و هەژار دەخاتە ڕۆڕۆ
دەوڵەمەند زەکات نادەن بە ئیحسان
ڕاستی نامێنێ، زۆر ئەبێ بوختان
گۆرانی سووک و قسەی ناڕەوا
پەسەندتر ئەبێت لە زکری خوا
پیاو بە ئەمری ژن ئەچێت بەڕێوە
لە مەجلسدا نان ئەخۆن بە پێوە!
پیاو دائەنیشێ و ژنان ئەگەڕێن
شەرم نامێنێ ژن و پیاو هاوڕێن
دایک و باب قەدریان لای کوڕ نامێنێ
کەس لە مەکتەبدا قورئان ناخوێنێ
پیت و بەرەکەت ئەڕوا لە ئەرزی
کوڕ و کچ پێک دێن لە ڕووی بێ عەرزی
ئەمە نیشانەی ئاخر زەمانە
وادەی دەجاڵ و فیتنەی شەیتانە
لە تەم و دووکەڵ دنیا پڕ ئەبێ
کەس گوێ لە ئەمری چاکە ناگرێ
لە سێ جێگادا زەوی ڕۆ ئەچێ
لە نەهیی عالەم نەهی ئەکرێ
ڕەحم و بەزەیی لای کەس نامێنێ
هەرکەسە بەشی خۆی ئەفڕێنێ