بە ناوی «تازە دێوانە» ەوە
لە ٢٤ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٠دا وتوویەتی
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
780 بینین
کەوتمە ناو شێتان، کەوتمە ناو شێتان
سەرئازاد وێنەی شێتان و وێتان
خودپەسند نییە بێزارم لێتان
هیچ هیوایەکم نەماوە پێتان
بە شێتی لە دەس ئێوە بووم ڕزگار
***
چەند خۆشە شێتیی، ئەستۆ بەرەڵڵا
دوور لە ناکەس و لە شەڕ و هەڵڵا
بە زبان دۆست و دوژمن لە دڵا
بۆ یەکتر خستن لە گەرد و خۆڵا
نزیک بێ نزیک بە ڕەنج و ئازار
***
چەند خۆشە سەحرای شێتی شوێنت بێ
بەرد سەرینت بێ، لۆنگ نوێنت بێ
لە شەڕەشەق و شەڕەجوێنت بێ
نە ترس و کینەت لە هاوخوێنت بێ
نە نەزان هامڕاز، نە بێگانە یار
***
هەر شوێنێک خۆش بێ، بە ڕۆژ لەوێ بی
خۆشت نەزانی بە ڕۆژ لە کوێ بی
زەمزەمەی زکری عەرشی لە گوێ بی
لە ڕەحمان نزیک، لە شەیتان جوێ بی
بۆ ڕێگای ئەولا سەڵت و سەبوکبار