فەزڵ و هونەر

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  875 بینین
فەزڵ و هونەر لە ناو تەم و غەمدا دیار ئەبێ
شەوقی چرا لەگەڵ شەوی تارا بەکار ئەبێ
پووشینی ڕەش بە دەوری سەری قیبلەما گەڕا
بەختی ڕەشم لە قینی ئەوە داغدار ئەبێ
میحراب لە ڕاستی تاقی برۆی ئەو چەمایەوە
پشتی شکاو و کۆم بە دیوار ئیستوار ئەبێ
چاوم لە دانە نەبووە بە دانەی ئەزەل قەسەم
بۆ پێم بە داوی دانە گرفتار و خوار ئەبێ؟
میوە کە کاڵ و ڕەق بێ لقی بەرزە تەختگای
دەردی تەکامولە وا کە گەیی خەسار ئەبێ
مانگ تا هەموو شەوێ هەڵبێ، بێ قەدرە لای عەوام
کە کەوتە پەناوە بۆی ئەگەڕێن تا دیار ئەبێ
نان لای خوا بڕاوەتەوە، ڕوو لە کەس مەنێ
هەرچی کە نانی منەتی خوارد شەرمەزار ئەبێ