بە ناوی «پیروەیسی خلک» ەوە وتوویەتی

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  471 بینین
یاران کوێخایی، یاران کوێخایی
کارێکی پێم کرد دەردی کوێخایی
لە گەل مامەوە کەوتمە تەنهایی
زەبوونی کردم دەردی ڕیسوایی
کوێخایی لێم بوو بە تەختی شایی
لە دەستیان سەندم هەر بە خۆڕایی
داخم ئەو داخە کە بە شیربایی
گەینە کوێخایی و لەخۆ بوون بایی
لە دڵما نەما ئاهەنگ و شایی
لە چاوما ون بوو نووری بینایی
زکری مەولەویکەس و ڕەقسی سەمایی
بۆ من بووبوونە سیڕڕی سەمایی
وەک گێژەڵووکەی خێڵی دوایی
عومری کوێخایی خستە کۆتایی
خووی جیهان وایە بە بێ وەفایی
لای کەس نەماوە بۆی ئاشنایی
ئەگەر بۆم ڕێکەوت بە خواستی خوایی
بوومەوە کوێخا بە دڵنەوایی
سەد دەورەم بدەن ڕووتەی ئاوایی
بە کلکەلەقێی کەس نابم بایی