بە یادی کۆن
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
988 بینین
دڵ بریندار بێ نەوەک ناسۆری تیری تانە بێ
سینەچاکی چاکە بۆ تیری موژەی نیشانە بێ
عەشق کە کەوتە کەللەوە، هەر ڕێیەک بگرێ ڕێی ئەوە
یەک سیاقە حەقپەرستی، کەعبە یا بتخانە بێ
خواپەرستی باتنێکی پاک و بێگەردی ئەوێ
«سبحەتەزبیح» تەوقی زاهدە، سەدجار ئەگەر سەد دانە بێ
بۆ سوادی تاری توڕڕەی زوڵفی جوانان کاشکی
یەک لەسەر یەک زامی دڵ توێ توێ بی وێنەی شانە بێ
پێکەنینی دولبەران مقداری عیسمەت کەم ئەکا
لێوی غونچە هەر ئەوەندە نازکە تا وا نەبێ
خاڵەکانت دانە دانەن، چاوەکەم! چاوی منیش
با بڵێن چاو لەو ئەکا فرمێسکەکەی با دانە بێ
خوا ڕەقیب ئاوارەکا ساتێک لە پێش چاوم نەبێ
خۆشە لام ئەو تا نەبێ، تاکەی لە چاوما تانە بێ؟