کای کۆن
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
844 بینین
لە بیرتە شەوێک هاتیە لام
بۆ دڵنەوایی و تەسەللام
بە زوڵف و خاڵت سوێندت دام
کە تا دەمرم تۆ بی لە لام
ئەنجا لێوت لەسەر لێو نام
ئێستاش لەسەر ئەو پەیمانەم
هەتا ئەمرم ئەو دێوانەم
گیرۆدەی ئەو زوڵفە جوانەم
سیابەختی ئەو خاڵانەم
تێم گەیشتووی چەند بەوەفام
ژین ئەوەیە عەشقی تیا بێ
دڵ ئەوەیە بەسەودا بێ
سەر پڕ لە شۆری لەیلا بێ
نەک کوولەکەی پڕ لە با بێ
ئۆف شێتی چەند خۆشە لە لام!
عەشقی پاک نوورێکی خوایە
ئیلهامی شیعری سەمایە
تەجەللای ڕۆحی تیادایە
وەسڵی بەهەشتی لە دوایە
وەتەنە بەهەشتی دنیام