وەک من دەردەدار
لە کاتی خۆیا بە ناوی «بێسارانی» یەوە بڵاوی کردۆتەوە
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1191 بینین
وەک من دەردەدار، وەک من دەردەدار
گوڵان ببینن ڕەنگڕەنگ بە قەتار
ئای بۆ یارێکی وەک من دەردەدار
سەیری بەهار کەین دیارە و دیار
بە هەر غەمێکی تێروپڕ بگرین
لە هەر ڕەنگێکیان غەمێک وەرگرین
گوڵاڵە خوێنی دیدەی شەوبێدار
لە وەنەوشە شین، لە نێرگس خومار
لە غونچە پەیکان، لە گوڵسۆسەن خار
لە نەورۆز بۆ دڵ زامی پڕئازار
چنوور وەک پێوەند، چنار سێدارە
هەمیشە بەهار وەک وەرەمدارە
ڕێحانە پەلکی شینی ماتەم بێ
مینامینای غەم با نەشئەی کەم بێ
بەڵام هەر تەنها خۆم دەردەدار بم
هەر غەمبەباری غەمان غەمبار بم