سەراپای کچەجاف

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1226 بینین
کچۆڵەی بە ناز، کچۆڵەی بە ناز
جنسی لەتیفی شۆخی سەرەفراز
بازی عیشوەباز، دۆستی شەکەر ڕاز
پێکەنینەکەت بۆ زام مەرهەمساز
بلبلی سەرچڵ، سەر چڵی غەمماز
شاهینی شاهی سەر قوللەی پێباز
***
ڕەنگی ڕوخسارت بەیانی بەهار
ئەگریجەت بەندی دڵە وەک زەننار
برۆت لە ڕووی ڕوو تۆڕکردووی لووت لار
کەوانە پەرگار دەستی کردگار
برژانگ لە کەوان ئەبرۆ تیرئەنداز
***
چاو دیدەی ئاهوی خەواڵوی خامۆش
بروسکەی تیلی سەرجۆی شەڕفرۆش
بە نەشئەی بادەی نازی خۆت سەرخۆش
مەیخانەی عەشقی خستۆتە خرۆش
حوسن و عەشق لەگەڵ یەک کەوتوونە ڕاز
***
گوارە کەوتۆتە ژێر ئەگریجەی خاو
هەڵاوەسراوە لە خوێندا گیراو
لامل و گوارە هەردوو تەڵای تاو
هەردو ژێرماڵەی فەرقی زەڕکڵاو
گیان و دڵ بۆیان کەوتۆتە پەرواز
***
سەرگۆنات سێوی لاسوورەی سەردەشت
پاوانەت داوی گەنمەکەی بەهەشت
تامەزرۆ زۆرە هیچکەس لێی نەچەشت
کەمەربەستەی دەست وەیسی ماهیدەشت
ئاڵ لەسەر سپی سونعی کارساز
***
سینە زیوی قاڵ لە بۆتەی یەزدان
جووتێک شەمامەی بێستانی جنان
هێشتا نەیدیوە دەستانی دەستان
پەنهانە لە ژێر کراسی کەتان
لە درزی بەرۆک وەک مانگ شەوق ئەنداز