کزەی دەروون

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1355 بینین
دواوانەکەی شوێن ماڵەگەورە
سەرەو خوار ئەڕۆی بە پێچ و دەورە
تۆ بە ڕووناکی وێنەی بلووری
ئاوی زیندەگی گشت شارەزووری
ئەناڵم ئەڵێم: تۆ وەک ئاوێنەی
بۆ شوێن دەستکردی کردگار وێنەی
بۆچ پێم نانوێنی وێنەی فتوغراف
وێنەی شیرینی نازدارانی جاف
نموونەی دەستی پەروەردگار بوون
بە دەوری تۆدا گوڵی بەهار بوون
بە شەدەی لار و کراسی کەتان
وەک مانگ «کەتان» ی جەرگیان ئەسووتان
وەک مانگ بە شەدەی تاریکی دەیجوور
بورجی ڕەشماڵیان پڕ ئەکرد لە نوور
شەوی مانگەشەو ئاوایی خەوتن
لە دوای سرەوتن کاتی تێکەوتن
ئەو لەش و لارە بە شڵپەی مەلە
دڵی دڵداریان ئەخستە پەلە
ئای بۆ «پەری خانکەس» نازداری جافان
ئاهووی زەڕباهووی عەنبەر کڵافان
ماڵە بەگزادە و سیڕەی سەماوەر
ڕووی ئەو ڕووبارەی وا ئەگرتە بەر
دەنگی نەکیسا و بەزمی خوسرەوی
لای مەحموودپاشا ئەکەوتە نەوی
ئاوازی سەقر و باز و باڵەبان
حیلەی مایینی جنسی کەحیلان
ئەمانە هەمووی خوا دابووی بە جاف
حوکمدارێک بوون بێ لاف و گەزاف
لەم دواییەدا خۆ «ناهیدە خان»
شا خانمێک بوو بەلاو دیوەخان
شوێنی دوو «پاشا» ی پڕ کردبوەوە
گرەوی لە ڕوحی چەرخ بردبوەوە
توخوا ئاوەکەی بۆن گوڵاوەکە!
بۆ سەرچاوەکە کەمێ لا وەکە
بڕوانم ئاخۆ جامی فتوغراف
نیشانم نادات شێوەی ئێلی جاف
نە! ئەو دەبدەبە و سەرئەوسەر ئاوە
ئێستە ئەفسانە و نەخشی سەر ئاوە
ئەم دڕک و داڵە و ئەم قەل و داڵە
ماونەوە لە شوێن ئەو گەورەماڵە
نازداران بوونە ماسی دواوان
بە بۆمبای ڕاوکەر کەوتنە سەر ئاوان
لە تاوەی جەوری چەرخی چەپگەردا
ئەوان ئەسووتێن منیش لە هەردا
وێڵ و ئاوارەی ئێلی مرادیم
نزیک لە مەرگم دووریش لە شادیم
بۆ بازی مراد هەر «قەیسەر قوومە»
بەختم شوومە و باز کەوتە وەیشوومە
من بۆ ئێل ئەگریم مات و دڵخەستە
ڕستی خیوەتی بەگزادە «ریستە»
لە شوێن سەرمەلا و ئەڵڵاهو ئەکبەر
«کاری» کار ئەکا و «ستریت بە جوکەر»
ئێستا کە ڕێی کۆچ گوشادە و ئاسان
کوا سەرئێل کۆچی لێ خوڕی بۆ کوێستان