بۆ گیانی قارەمانانی کورد

ئەم هەڵبەستەی لە ٢٤ی ئەیاری ساڵی ١٩٢٥دا وتووە
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1345 بینین
ئەم ئاسمانە شینە کەوا بەرگی ماتەمە
تەحلیلی وا کراوە کە قوببەی غەمە، تەمە
چەرخێکی کۆنە، ماکینەکەی ژەنگی گرتووە
چەوری نەکا بە خوێن پەکی سووڕانی کەوتوە
پیرێژنێکە، هەر شەوەی شوویەک ئەکا بە خەڵق
سووراو بە خوێنی مێردی ئەکا پێی ئەڵێن شەفەق
گوڵگون بە خوێنی عاشقە دێوجامەی فەلەک
چنگی پڵنگی ناوەتە ژێر قاقمی بەڵەک
گاهێ بە خوێنی ئالی نبی سوورئەبێ فیرات
گاهـ خوێنی کوردی تێکەڵ ئەبێ دیجلە زیاد ئەکات
سەرداری ئێمە بوو کە لەسەر دار بە پێکەنین
بانگی ئەکرد: بە کوشتنی من میللەتم ئەژین
ئەم خوێنی کوردە کە وەکوو خوێنی سیاوەحشە
خوێنی نەسێنرێ هەڵدەقوڵێ دائما گەشە
بۆ ئێمە لازمە هەموو ساڵێک هەتا دەژین
ئەم ڕۆژی «٢٤» ی ئایارە بکەین بە شین