موناجاتی ئەرواح

لە گۆڤاری گەلاوێژدا بڵاو کراوەتەوە
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 3 خولەک  1698 بینین

هەڵسە و وریا بەرەوە خۆشەویستەکەم، لە خەو هەستە، وا ڕۆحم بانگت ئەکات! لە کوێوە؟... لەوپەڕی سەرحەدەوە، لە شاخێکی بڵند و داخێکی بێ سنوورەوە، بۆیە وا سەرکەوتووم کە دەنگم بتگاتێ دایەگیان!...

توخوا گوێت لێم بێ و منیش گوێم لێت بێ؛ ڕۆڵەی هەژارت نزیکە شێت بێ!

ها ئێستە دەنگم بیستی...

لە خۆشیانا لەسەرخۆ چووم، پەری پەڕی باڵی تێ هەڵسووم و هوشیار بوومەوە، داپەڕیم بە ناو ئەو درەختانەدا ڕام کرد، پێخاوسم، پێم و جلەشڕەکانم بە نمی ئاونگ تەڕ بووە، وام لەبن داربەڕوویەکدا، چۆن بە چاوی خۆم دەبینم خوا لە جەوت کڵاوی بۆ بەڕوو کردووە، وا بە گوێی خۆم گوێم لە دەنگتە ئەڵێی وا هاتم!...

تۆ هەر بڵێ: «دێم»، بە خوا نایەیت، بەڵام هیچ نەبێ بدوێ، دایەگیان توخوا بدوێ، دووریش بیت شەماڵ دەنگت دێنێت و دەیبیەم، وام بە شاخی گمۆوە، وەک یاران بە «داڵەهۆ» وە، شەوە تاریکە، زیندەوەرم لێ تەریکە، لە دوورەوە ڕۆحم لەگەڵتا خەریکە، جانەوەر خزاونە ناو لانەوە، چرای ئاوەدانی کوژاونەوە، هەر من، هەر تەنها من نەنوستووم، شەو بێدارم، ناڵەکارم، پڕ دەرد و قارم، گوێم لە دەنگتە، بدوێ! شار خامۆشە، سەراوردێکی بە چارشێوێکی خومی غەم، بە توێژاڵێکی دووباوی ئەستووری تەم سیاپۆشە، فەقیر و هەژار کفتەکەوتەیە، بێ - هۆشە!!

دەوری منیش توتنەوان، لەبەر شان و قۆڵ کوتان پرخەی دێت، ژنەکەشی پەلی لە کەمەی بێشکە هەڵکێشاوە، خۆی لە برسا بێ شیر، مناڵی بە لایەلایە بۆ ژیر نابێت، هێزی ڕاژەندنی نەماوە، ملیشی کەوتۆتە لاوە.

دایەگیان! ئەمە دراوسێکانی «گمۆ» م، وا لەو پەڕیشەوە بەری گردەشین و سوورکێو دەبینم، ترووسکەی ئاگری دیارە و دەنگی دەستاڕێکیش دێت، مێرد لە بێگار هاتۆتەوە، برسیەتی، ژنەکەی هەڵساوە کەردڕ ئەهاڕێت و ئەیکات بە خەپلە...

ئۆف! وەرە بەم شەوە کەردڕ بهاڕە و بیشێلە و بیکە بە خەپلە!!

مێرد کە تێری خوارد بەلادا بنوێت، مناڵ بگری، سبەینێش زوو هەڵسە گەوڕ بماڵە، ئۆف لەم حاڵە!!

ئاسمان پەردەیەکی زەڕبەفتی لە شەوقی مانگەشەو تەنی و کێشای بەسەر گمۆدا تاکوو لە پێش چاوی ئاغایان شیرین بێت، شەماڵ شنەیەکی پڕ لە بۆنی گوڵ و وەنەوشەی هێنا، دای بە بەر کەپر و ساباتی کەڵەمێرداندا بۆ ئەوەی مێشوولەیان لێ نەنیشێت، ئەستێرەی سیوەیل لە سەر سیوەیل کوژایەوە، شەوگەردی زۆرداران و گوناهی بەدکاران شاررایەوە، دەنگی بلوێر و لاوکی سەحەری و سیڕەی سەماوەر لە لایەک، «دە تووڵەباب! هەستە ئەوڕۆ هەرەوەزە» لە لایەک؛ بە هەردووکیشیان ئەڵێن گوزەران!!