کوردستانەکەم

لە کتێبی:
شیعر و هەڵوێست
بەرهەمی:
مەلا عەلی (1953-1979)
 1 خولەک  1611 بینین
کوردستانەکەم، کوردستانەکەم
بووکی یەک شەوە و دەزگیرانەکەم
ڕووت وەکوو کەزی و پرچی ئاڵۆزە
بە چنگی خەبات با بۆت شانەکەم
***
وێردی زمان و قیبلەگای منی
جوانتر لە نیگای کیژی شەرمنی
ئەوەی جێی داخە لێت بێ بەش ئەبم
نابینم بڵێن شکا دوژمنی
***
ناشبینم کە کورد وەکوو میللەتان
ئاڵای سەربەستی هەڵکا لە جیهان
ناکۆکی نێوان چینان نەمێنێ
وەک یەکی لێ بێ لادێ و شارستان
***
دەنا دڵنیام دوژمنی بەشەر
ڕۆژێ دێ ماکی لە بن بێتە دەر
خۆش گوزەرانی و زانست و جوانی
بەرگی بووکێنیی وڵات بێ تا سەر
***
ئەی کوردستانی بێ داڵدە و پەنا
نەمامی ژینی منیش هەڵکەنا
چاو بە فرمێسکی ژێر دەستەیی تۆم
هێندە دەربەستی خۆم نایەم دەنا
***
ئەی کوردستانی مەڵبەندی کاوەکەس
جێی داخە نەمدی ئاڵای شەکاوە
بەڵام ڕۆژێک دێ هێزی نەوەی نوێ
کۆشکی زۆرداری پێ هەڵتەکاوە!