دەڵێی: لێم گەڕێ تاوێ بسرەوم!

لە کتێبی:
شیعر و هەڵوێست
بەرهەمی:
مەلا عەلی (1953-1979)
 3 خولەک  1263 بینین
دەڵێی: لێم گەڕێ تاوێ بسرەوم!
ماندووم، دەمەوێ کەمێک بخەوم !
بنوو خۆت باوێ ناو گێژی خەیاڵ
وەک چۆلەکەیەک بفڕە یاڵە و یاڵ
چی بەسەر هاتە بێتەوە بیرت
تا چاو دەبینێ و بڕ دەکا شیرت
تا دڵ حەز دەکا و دێ بە دەستەوە
خۆت بدە بە دەم هەوای هەستەوە
بە شوێن پەپوولەی باڵ بریقەداری
وشەدا بڕۆ هەتا بێداری
بە شوێن هەڵاڵەی گوڵی ناسکدا
تەنانەت بە شوێن ڕەوی ئاسکدا
بە وشەی جوان و تەعبیری بە تین
رستە داڕێژە، پاراو و شیرین
بە کێش و سەروا، دەسا ڕۆمانێ
هەر لەو خەیاڵەی دەیکەی، بۆم دانێ
تا لەبەری کەم وەکو فەرزی نوێژ
دەروونم پڕ بێ و بکا سەرە ڕێژ
چیت بە چاو دیوە لە ناوچەی «پشدەر»
گەناو، بێگەڵاس، هەڵشۆ، سەنگەسەر
هێرۆ، باوزێ، بێشێر، بەستەستێن
ژاراوە، ڕەزگە، هەتا شارستێن
لەگەڵ خەیاڵم ئاوێزەن گیانە،
بیانکە ملوانکە، وەکوو زەنگیانە
بیکاتە گەردن بەژن شۆڕەکەم
ڕۆژی هاتنی بۆ سەر گۆڕەکەم
کام گوندەی ئەڵێی بەهەشت بوو بۆ خۆی
ئەوەی کە باشتر باسیان بکا، تۆی
چونکە پێت وتم زۆر لێی گەڕاوم
ئێستاش وێنەیان دێنە بەرچاوم
چوومە شوێنەکەی بیرەوەری تۆ
ئاوەکە و مڕەو بێناسەو هەڵشۆ
ئەو ڕۆژەی ڕێمان کەوتە «بێناسە»
ئەو ناسکە پەنجەی ئەتووت ڕێواسە
چای خستە بەردەم ئێوە لە پێشا
تا پێتان زانی دەستم بۆ کێشا
نان و هەنگوین و، دۆی سارد و کەرە
خەیار و ترۆزی و، میوەی نۆبەرە
لەگەڵ نێو نیگای کیژی کەڵەگەت
ووزەیان خستە نێو لاشەی شەکەت
مێخەک و جاترەو، ڕێحانە و سێپەڕ
وەک بۆ ئێمەیان خستبنە سێبەر
هەنگی سەرنجی من و مێشی هەنگ
هەنگ بۆ هەڵاڵەو، من بۆ کچی شەنگ
ئەو لە دێبەر بوو، لەبەر هەتاوا
من لە سێبەریش سووتام لە تاوا
«وەسوێنە و، گییرە و، بادین و، بێ موش»
لێی تێکەڵ ئەبێ پاییز تەڕ و پووش
پاییزی ئێستا، بەهاری دوێنێ
خەیاڵی بەرەو گۆڕە ئەمدوێنێ
هێرۆشم دیوە، بالێڵان، بەکاو
مڕێ، دەرونە، گوندی نزیک ئاو
یادی ئێوارەی «مڕێ» و «دەروونە»
ئێستاش ئاوازی ناڵەی دەروونە
لە بیرتە «کاڵێ» و «ئارێز» و «پەخشان»
لە ڕێی کانی بوون گۆزە لەسەر شان
بۆ چاک و خۆشی ئێوە دەهاتن
ئەتوت شیرینی شەوی بەراتن
«...» داوای تۆزێ ئاوی کرد
گەلاوێژ دەستی بۆ سەر چاوی برد
پاشان ئاویشی هێنا بۆ ئێمە
دیاری ئەو ڕۆژەی تا ئێستا پێمە
ئێستا تینوومە و وشکە دەروونم
چاوەڕێی ئاوی دەستی خاتوونم
بیری «مرواری و ئامین و، گەوهەر»
خەندەیان زڕەی زەنگی گوێمە، هەر
لە یادم ناچن تەنانەت لێرە،
باسم بۆ ناکرێن لەم گەرمە سێرە
هەر تەنیا جارێک چوومە «لبانە»
ڕووم کردە دەشتی پشدەر لەو بانە
مەگەر دێهاتی «ئالانشوێن» وەها بن
ئێستا وێران بوون حەیف و مەخابن