دەستەی نوێنەرایەتی هەمیشەیی

نووسینی: چودۆمیر
لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 11 خولەک  706 بینین

ناوی ڕاستەقینەی خاوەنی ئەم چیرۆکە «دیمیتر چۆرباجی بێسکی» یە «چودۆمێر» ی کردووە بە نازناوی خۆی، ساڵی ١٨٨٠ لە گوندی «توورییا» لە نزیک شاری «کازانلیکشوێن» لە دایکبووە. تا تەمەنی چل ساڵان مامۆستای وێنەکێشان و نەخش بووە، کوتووپڕ لە ساڵەکانی سیی ئەم سەدەیەدا ڕووی کردووەتە ئەدەبیات. قانوونێکی چەوت و چەوێڵی ئەو سەردەمە کە دەیگوت «نابێ ژن و مێرد هەردووکیان مامۆستا بن» چارەنووسی ئەوی گۆڕی. چودۆمێر قوتابخانەی بەجێهێشت و بۆ بەڕێوەچوونی ژیان ناچار بوو ڕێگایەکی تر بگرێتە بەر. گەلێ جار خۆی دەیگوت: «هەوڵدان بۆ نان منی بۆ ئەم لایە ڕاکێشا». دیارە ئەمە گاڵتە بوو دەیکرد، چونکە ئەو لە زووەوە خەریکی کاری ئەدەبی بوو.

چودۆمێر لە ژیانی خەڵکەکە زۆر شارەزایە. قارەمانەکانی چیرۆکەکانی ئەو ئینسانی عادەتی و خەڵکی کۆڵان و بازاڕن. گاڵتە و گەپی ئەو لە شان سووک و بەتامە، کەس ناڕەنجێنێ و کەس تووڕە ناکا. چودۆمێر لەگەڵ خوێنەری چیرۆکەکانی، بە کار و کردەوەی قارەمانەکانی خۆی پێدەکەنێ.

چودۆمێر گەلێ کورتە چیرۆکی نووسیوە. ئەم نووسەرە بۆڵگاریاییە ڕۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٧ کۆچی دوایی کردووە.

لەگەڵ براکەم بە جادەدا دەڕۆیشتین. هەر کامێکمان بیری بەلای کاروباری خۆیەوە بوو. لە ناکاو زرم... یەکێ خۆی لە ورگم کوتا. کابرا وەستا. وەکوو گوێدرێژێک بڕوانێتە ناڵبەندی خۆی، نەختێ لە من ڕاما.

پاشان پشووی هاتەوە بەر خۆی. من گوتم:

-ببوورە.

کابرا پێکەنی، ددانە زێڕەکانی لەبەر خۆرەتاو وەکوو قاوغە فیشەکی ڕاوکەر دەدرەوشانەوە.

-چی ببوورم؟ نامناسیتەوە؟

ناسیمەوە.

-ئاهای... دیچکۆ! ئەوە خۆتی؟ پایزە برا، چەندە قەڵەو بووی

-خۆمم! ئەی تۆ چۆنی؟ ڕوویکرد بە لای براکەمەوە و پرسی:

-ئەم... ئەم... ئاغایە... لە ڕاستیدا کێ بێ؟

«دیچکۆ پاپۆنچێڤ» ی دۆستم نەختێ زمانی دەگیرا. لە هەر جێگایەک گیری دەخوارد بە «لە ڕاستید»- کە گەلێ وەخت وەڵامەکەشی دەجاوی- بۆشایی قسەکەی پڕدەکردەوە.

گوتم:

-برامە... برا گەورەمە... لە دێ کار دەکا. وەرزێڕە.

دیکچۆ لە خۆشیاندا وەک گوڵ گەشایەوە.

-لە کاتێکی باشدا ئێوەم دەس کەوت. وەرە بابچینە ئەو چایخانەیە شتێک بخۆینەوە.

دەستی گرتم و گوتی:

-دەی، دەی ها، ل... ل... لە ڕاستیدا چاوەڕوانی چیی؟

دیچکۆ قۆڵی خۆم و براکەمی گرت و بردینیە چایخانەکە دانیشتین. لە منی پرسی:

-باشەە، ئێستا بڵێ بزانم چۆنی؟ چ دەکەی؟

-ئێی... ئەوا ماوین. ئیشکەری دەوڵەت بووم. دەریان کردم؟

-کەی؟ ل... ل... لە ڕاستیدا بۆچی؟ چیت کردبوو وا دەریان کردی؟

-چوزانم... دەریانکردم ئیتر. گوتیان تۆمان پێویست نییە.

-باشە، تۆ... تۆ... لە ڕاستیدا نەهاتیتە لای من؟ بۆچی بە منت نەگوت تا بە تاقە سەعاتێک کارەکەت بۆ جێبەجێ بکەم؟ تۆ ل... ل... لە ڕاستیدا نازانی ئێستا من چ کارەم؟

-چوزانم، دیچکۆ! لە کوێ دەزانم؟

سپاردی یەکی بیرەیەکمان بۆ بێنن. حیکایەتی کاری خۆی بۆ کردم سپاردی یەکی بیرەیەکی دیکەشمان بۆ بێنن. پاشان دەستەسڕی دەرهێنا و ئارەقی تەوێڵی سڕی.

-گوێت لێبێ. لە بارەی کارەوە خاترجەم بە، من وەکوو ئاو خواردنەوە کاری تۆ جێبەجێ دەکەم. تۆ ل... ل... لە ڕاستیدا وابزانە کارەکە جێبەجێ بووە. ئێستا دەبێ تۆ کۆمەک بکەی و ئیشەکان جێبەجێ ببێ. من و براکەم ڕوانیمانە یەکتر... دیچکۆ گوتی:

- ئێستا پێت دەڵێم کام کار. لە شاری ئێمە، شاری من نییە. لەو جێگایەی قەرار وایە پایز ببمە نوێنەر، دەیانەوێ ڕێگەی ئاسن ڕابکێشن لەسەر ئێستگەیەک لە نێوان دوو دێدا کێشەیە. لە نێوان شگۆڤۆییەکان و کۆکۆڤییەکاندا، شگۆڤۆ سەنگەری منە. ل... ل... لە ڕاستیدا من بەڵێنم داوە کەوا کارەکەیان جێبەجێ بکەم. ئەمان دەیانەوێ ئێستگەکە لەوێ دروست بکرێ. هەق و حیسابی خۆیشیان تا دوا فلس داوە. ئێستا ئەمڕۆ دەس بە کار دەکەم... ل... ل... لە ڕاستیدا دەمەوێ بچمە لای وەزیر، بەڵام لام وایە یەک دوو کەسم لەگەڵ بێ خراپ نییە. ئەوا دەمەوێ دەستەیەکی نوێنەرایەتی دروست کەم. باش بوو چاوم بە ئێوە کەوت. براکەت پان و پۆڕ و چوارشانەیە و سمێڵیشی هەیە. کوێخای شگۆڤۆ بێت و تۆیش سەرۆکی مامۆستاکان. دەچینە لای وەزیر. من قسە دەکەم و ئێوەش سەر دەلەقێنن. هەر کاتێ گوتم بەڵێ، ئێوەش دەڵێن بەڵێ، هەر کاتێکیش گوتم نا، ئێوەش ل... ل... لە ڕاستیدا دەڵێن نا. کار لەمە ئاسانتر نابێ. ئا ئەمەم لە ئێوە دەوێ.

گوتم:

-ئێمە چۆن ببینە دەمڕاست و سەروەسیەتی خەڵک! ئەم کارە بە کاری چەتوون دەزانم. ئێمە خەڵکی «کارابوونار» ین و «شگۆڤۆ» وا لە باکوور. ئێستا کاکم ببێتە کوێخا و من ببمە مامۆستا؟ نا، نا، دیچکۆ ئەم کارە کاری ئێمە نییە. مەترسیی تیایە. ئەگەر ئێمە ئەو گوندەمان دیبوایە ئەگەر ڕێگامان تێکەوتبووایە، دیسان شتێک بوو. بەڵام... قسەکەی پێ بڕیم:

گرنگ نییە... هەر بۆ ڕواڵەتی کارە. کەس ئێوە ناخوا.

گوتم:

-ناتوانم. ویژدانم ڕێگام نادا ئەم کارە بکەم.

دیچکۆ لە دین دەرچوو:

-کابرایەکی زۆر سەیری. بەم ویژدانەشەوە دەتەوێ کاری دەوڵەت بکەی! هەر لەبەر ئەمەیە ل... ل... لە ڕاستیدا دەریان کردووی... هەستە. هەستە، ماتڵم مەکە. بە یەک دوو سەعات کارەکە تەواو دەکەین. ئێوە بە خێر و من بە سڵامەت. هەقی ماندوو بوونەکەشتان دەدەم.

-وا نابێ دیچکۆ! من دیپلۆمم نییە. قوتابخانەم تەواو نەکردووە هەروا لە خۆت و خۆڕایی مامۆستا؟

-هیچ نییە. پاشان تێدەگەی چەندە سادە و ئاسانە. ئەگەر دەتەوێ یارمەتی من بدەی، ئەگەر دەتەوێ تا ئێوارە پێنج سەد «قۆشە» ت دەستکەوێ بشتگێڕمەوە سەر کارەکەت... هەستە بکەوە ڕێ. ل... ل... لو ڕاستیدا درەنگە. وەختەکەمان دەڕوا.

من و براکەم ڕوانیمانە یەکتر. ئەو بناگوێی چەپی خوراند و من بناگوێی ڕاستم و کەوتینە ڕێ. سواری تاکسییەک بووین. ڕاست ڕۆیشتین تا لەبەر دەرگای وەزارەتخانەدا دابەزین. هەرسێکمان چووینە ژوورەوە. من وەکوو بیی ناو ئاو دەلەرزیم. خەڵکێکی زۆری لێبوو. دەرزیت هەڵاویشتایە نەدەکەوتە زەوی. دیچکۆ دەستی منی گرتبوو. منیش دەستی کاکم. ئەو پێشمان کەوت و دەستی کرد بە ڕێگا کردنەوە. دیچکۆ دڕی بە خەڵکەکە دەدا و دەیگوت «ڕێگای دەستەی نوێنەرایەتی بدەن... دڕدەن ڕێگای دەستەی نوێنەرایەتی بکەنەوە». ئاخرەکەی گەیشتینە بەر دەرگای هۆدەی ئاغای وەزیر. دیچکۆ لە دەرگای دا و پاڵی پێوە ناین بۆ ناو هۆدەکە. خۆیشی لە دوای ئێمەوە هاتە ژوورەوە. وەزیر کە چاوی بە دیچکۆ کەوت لە جێی خۆی ڕاستەوە بوو و بزەیەک کەوتە سەر لێوی و هەر لە دوورەوە بانگی کرد:

-ئێی... پاپۆنچێڤ! بەخێر هاتی... سەد ساڵت بە ئەم ساڵانە.

دیچکۆ سەری دانەواند و گوتی: مێرسی... مێرسی جەنابی وەزیر. پاشان ئێمەی پیشان دا و گوتی:

-دەیانناسێنم... ل... ل... لە ڕاستیدا کوێخای شگۆڤۆ و ئاغای سەرۆکی مامۆستاکان. پیاوی خۆمانن، خوێندەوار، بە ئەمەگ، بەڕێز. تەواوی گوندەکەیان ل... ل... لە ڕاستیدا وەکوو ئەنگوستەویلە لە دەستدایە. بۆ مەسەلەی ئەو ئێسگەیە هاتوون. نوێنەری خەڵکی شگۆڤۆن.

لەم کاتەدا دیچکۆ دەستی کرد بە قسەی قەڵەمی کردن:

-وەکوو ئاگاتان لێیە چەند ئەندازیار بۆ ڕاگەیشتن بە کارەکە چوونە «کۆکۆڤ» ی خواروو. لەوێ خواردوویانە و خواردوویانەتەوە. تانانەت بەرتیلیشیان وەرگرتووە. پاشان بەڵێنیان داوە گوایە ئێسگەکە لە کۆکۆڤ دروست دەکەن کە ل... ل... لە ڕاستیدا پێچەوانەی قانوونە. مەسەلەکە وەکوو تەماشای دەفەرمووی زۆر گرنگە.

دیچکۆ دیسان هەوای دەمی خۆی گۆڕی:

-خەڵکی کۆکۆڤ پتریان لە دژی ئێمەن. بەڵام شگۆڤۆییەکان لە ڕاستیدا تەنانەت مریشک و کەڵەشێریشیان هیی خۆمانن. بەم پێیە وەکوو تەماشا دەفەرمووی مەسەلەکە دەبێ بە جۆرێک چارە بکرێ، ئەگینا ئێمە لە پشتیوانی کۆمەڵێک خەڵکی باش و بە شەڕەف بەشبڕاو دەبین.

وەزیر گەلێ خۆمانە گوتی:

-ها، ئا بەم جۆرە... بەڵام لە ڕپۆرت وا دەردەکەوێ کە لە شگۆڤۆ هەورازێکی ئەوەندە لێژ هەیە ئەگەر کەریشی پێدا بڕوا خلار دەبێتەوە. چۆن دەگونجێ لەوێ ئێسگە دروست بکرێ.

-ل... ل... لە ڕاستیدا بەو جۆرەیە کە دەفەرمووی. ناڵێم وا نییە، بەڵام ئێمە ئەو جێگایە تەخت دەکەین. ئێمە خۆمان ئەم کارە دەکەین، ئەم کارە ئێمە خۆمان دەیکەین.

منیش گوتم:

-بەڵێ ئەم کارە خۆمان دەیکەین.

کاکیشم گوتی:

-بەڵێ ئەم کارە خۆمان دەیکەین.

پاشان دیچکۆ قۆڵی وەزیری گرت و بردیە گۆشەیەکی هۆدەکە و دەستی کرد بە چپە کردن لەگەڵی. ئەوسا هەردووکیان پێکەنین. وەزیر دەستێکی دا لە شانی دیچکۆ. دیچکۆش دەستێکی دا لە شانی وەزیر و خوا حافیزیان لە یەکتر کرد. لە وەزارەتخانەکە هاتینە دەرەوە ئوتۆمبیل چاوەڕوانمان بوو.

من پرسیم:

-ئێستا ئیتر بۆ کوێ؟

دیچکۆ گوتی:

-دەچینە لای وەزیری ئاوەدانی و سەکناندن. پاشان لای وەزیری زانیاری و هونەر. لەوێیشەوە سەرێک لە وەزیری بازرگانی دەدەین. بڕیاریان داوە وەزارەتخانەکەیان خاوێن کەنەوە. دەچین بە ناوی گەل پشتیوانییان لێ دەکەین. ل... ل... لە ڕاستیدا کارێکی گرنگ نییە.

گوتم:

-گوێت لێ بێ دیچکۆ. ئێستا کە هەوساری خۆمان داوەتە دەست تۆ، بۆ هەر کوێیەکمان دەبەیت بمانبە. بەڵام من نایەمە لای وەزیری بازرگانی. لەو وەزارەتخانەیە من دەناسن. باش نییە، ئابڕووم دەچێ. من هەموو ڕۆژێ لەوێم.

دیچکۆ گرژ بوو:

-تۆ ل... ل... لە ڕاستیدا پیاوێکی سەیری! ڕۆژی دوو سەد کەس دەچنە لای وەزیر. ئێستا بە تاقی تەنیا تۆ دەناسێتەوە؟

چووینە لای هەموو وەزیرەکان. کوڕنشمان برد. لە کاتی پێویستدا گوتمان: بەڵێ. لە کاتی پێویستدا گوتمان: نا. چووینە لای وەزیری بازرگانیش. تا لە لای وەزیر وێستابووم وەکوو بیی ناو ئاو دەلەرزیم. بەڵام بە خێر گەڕا و نەیناسیمەوە. شەو پاپۆنچێڤ بردینیە ڕیستۆران، نانی داینێ، عەرەقی داینێ، یەکی پاکەتێ سیگاری گەڵاشی بۆ کڕین. پاشان لە جیاتیی پێنج سەد قۆشە، یەکی سەد قۆشەی نایە مشتمان و گوتی: خوا حافیزتان بێ.

بەیانی چوومە لای تا کارەکەم بۆ جێبەجێ بکا. هەر کە دیمی یەخەی گرتم و بە ناوی دەستەی نوێنەرایەتی بردمیە شارەوانی. لەوێشەوە ناردمیە گومرگ تا چەند بەستە شتومەک ڕزگار کەم. دوای چەند ڕۆژ دیسان کردمیە دەستەی نوێنەرایەتی و بردمیە ئەنجومەنی کڵێسەکان. ڕۆژێکیش بە کەتان سەری پێچام و بردمی بۆ وەزارەتی ناوخۆ لە دژی حیزبی نەیار «موعارەزە» شکاتی پێ کردم...

پرسیم: باشە، ئێستا ئیتر چ دەکەی؟ وەڵامی دامەوە:

-تۆ لە سەر کاری خۆت دەمێنیتەوە... ل... ل... لە ڕاستیدا دەستەی نوێنەرایەتی هەمیشە لە لایەن باکووری بوڵگاریاوە.

بە کورتی، ئێستا پاپۆنچێڤ بووەتە نوێنەری منیش بە دەوریدا هەڵدەخولێم. هەر کاتێ پێویست بێ بە ناوی دەستەی نوێنەرایەتی لەم دائیرەوە دەمباتە ئەو دائیرە. لە جێیەک بە ناوی کوێخا دەمناسێنێت و لە جێیەکیش بە ناوی ئەندامی پایەبەرزی دائیرەی خەرج و باج. لە جێیەک یارمەتیدەری پزیشکم و لە جێیەک دەفتەردار. خراپ نییە. شتێکی لێ پەیدا دەبێ. ڕازیم. ئەوانی تریش منیان ناسیوە. مەبەستم نوێنەرەکانی دیکەیە. ئەوانیش کەڵکم لێوەردەگرن. لەم ماوەیەدا بوومەتە هەرچییەکی دەتەوێ. تەنیا نەبوومەتە قەشە. وابزانم دەبمە ئەویش. دەزانم دیچکۆ ڕۆژێک بە ناوی قەشەش کەڵکم لێ وەردەگرێ. لەبەر ئەوە هەر لە ئێستاوە ڕیشم بەرداوەتەوە، با بۆ ڕۆژی خۆی درێژ بێ.