با شتێک ببێ خواردنی تێ بکەم بۆت

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 1 خولەک  803 بینین

پیاوێکی پیر تاقەکوڕێکی هەبوو. پیاوەکە زۆر پیر بووبوو. ئیتر نەیدەتوانی هیچ کارێک بکا. ڕۆژێک کوڕەکەی گوتی:

- هەر بە خۆڕایی نانی من دەخۆی. دە بڕۆ هۆ لەوێ ڕاکشێ، لە ئاغەڵەکە.

پیرەمێردەکە چوو لە ئاغەڵەکە ڕاکشا. کوڕەکەی نانە ڕەقەی هێنا و بۆی فڕێ دا ناو ئاخوڕەکە. پیرەمێردەکەی دەستی کرد بە گریان. نەوەی پیرەمێردەکە کە ئەوەی دی، تەشوێیەکی هەڵگرت و چووە حەوشەکە دەستی کرد بە تاشین و قوڵکردنی کۆلکەدارێک. باوکی لێی پرسی:

- ئەوە چ دەکەی؟

منداڵەکە وەڵامی دایەوە:

- ئاخوڕ دروست دەکەم. کە پیر بووی با شتێک ببێ خواردنی تێ بکەم بۆت. وەکوو تۆ بۆ باپیرمی تێ دەکەی.

باوک لێی ورد بووەوە. تاوێک بیری کردەوە، پاشان هەستا چوو پیرەمێردەکەی هێناوە.