کیژۆڵە بۆگدانکا

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 3 خولەک  964 بینین

لە دێیەک کیژۆڵەیەکی جوان هەبوو، ناوی بۆگدانکا بوو. تاقانەی دایک و باوکی خۆی بوو. زۆر جوان بوو. دایکی هەموو کارێکی ماڵەوەی دەکرد. ماڵی دەماڵی، چێشتی لێ دەنا، جلی دەشۆرد. بۆگدانکاش بەملا و ئەولادا دەخولایەوە. دەستی لە هیچ نەدەدا.

کچ گەورە بوو. خوازبێنیکەر دەهاتن بیخوازن. دایکی بە هەموویانی دەگوت:

- بۆگدانکای ئێمە فێر نەبووە کار بکا. زۆر نازدارە.

کە ئەوەیان دەبیست هەموویان دەگەڕانەوە. جارێکیان پیرەمێردێک هات، گوتی:

- بیستوومە کچێکی جوانتان هەیە. هاتووم بیخوازم بۆ کوڕەکەم.

دایکەکە وەڵامی پیرەمێردەکەی داوە:

- بۆگدانکای ئێمە زۆر نازارە، هیچ کارێک نازانێ.

پیرەمێردەکە گوتی:

- قەی نا. کار لای ئێمە کەس بە کەسی ناکا، کێ دەیەوێ کار بکا ئەوا دەیکا. کێیش نایەوێ ئەوا دادەنیشێ.

دوای یەک دوو حەوتوو زەماوەندیان کرد. پێرەمێردەکە سێ کوڕ و دوو بووکی دیکەی هەبوو. ڕۆژێ دوای زەماوەند هەموویان ئامادە بوون بۆ کارکردن. بووکەکە بە جلوبەرگی بووکێنییەوە دانیشتبوو. دەستی لە هیچ نەدەدا. نیوەڕۆ کۆبوونەوە نان بخۆن. لە دەوری سفرەکە دانیشتن. بووکەکە لە کەنارەوە دانیشتبوو. چاوەڕوانی ئەوە بوو بانگی کەن. بووکەکانی دیکە چێشتەکەیان هێنا، نانیان هێنا و لای خەزوورەکەیان دایاننا. ئەویش چەند کەس لە دەوری سفرەکە بوون، نانەکەی بە سەریاندا دابەش کرد. خەسووەکە گوتی:

- ئەی بۆ بووکەکە؟

پیرەمێردەکە وەڵامی دایەوە:

- ئەو برسیی نییە. کەسێک کار نەکا برسیی نابێ.

دوای «نیوەڕۆژە» دیسان هەموو دەستیان کردەوە بە کار. بووکەکە دانیشتبوو. دەستی لە هیچ نەدا. ئێوارە کۆ بوونەوە شێو بکەنەوە. نانیان هێنا. دیسان پیرەمێردەکە نانەکەی بەسەر ئەوانەدا دابەش کرد کە لە دەوری سفرەکە بوون. خەسووەکە گوتی:

- ئەی بۆ بۆگدانکا؟

پیرەمێردەکە وەڵامی داوە:

- ئەو برسیی نییە. ئەوەی کار نەکا برسیی نابێ

شێویان کردەوە. قسەیان لەوە کرد بەیانی کێ چ کارێک بکا، پاشان ڕاکشان و خێرا خەوتن. بووکەکەش ڕاکشا، بەڵام لە برسانا خەوی لێ نەکەوت. بە زۆر خۆی ڕاگرت تا ڕۆژ بووەوە. بەیانی زوو بێ چرپە دەمووچاوی شت. مانگاکانی دۆشی، گوێرەکەکانی کردە دەرەوە بۆ لەوەڕان.

ئەوانی دیکەش هەستان. کە دیتیان بووکەکە ئەو کارانەی کردووە، ڕوانییانە یەکتر و دەستیان کرد بە پێکەنین. بۆ نیوەڕۆژە بووکەکە سفرەکەی ڕاخست و لە ڕیزی ئەواندا دانیشت. خەزوورەکەی نانەکەی بەش کرد و بەشێکی زۆری دا بە بۆگدانکا و گوتی:

- بووکێ! ئەمرۆ لە هەمووانت زیاتر کار کردووە. ئەوا بەشی زۆر بۆ تۆیە.

یەک دوو حەوتوو ڕابورد. بووکەکە بەدرێژایی ڕۆژ هەڵدەسووڕا و کاری دەکرد. حەوتووی سێیەم دایکی و باوکی بە میوانی هاتن. خێزانەکە کە دیتیانن چوونە حەوشە پێشوازییان لێ بکەن، بووکەکە لە پێش هەموواندا دەرپەڕی. دەروازەکەی کردەوە و خێرا بانگی کرد:

- دایە! باوە! خێرا دابەزن و دەست بکەن بە کار. ئێرە وەکوو لای خۆمان نییە. لێرە هەر کەسێ کار نەکا، نانی نادەنێ.